کۆمپانیای گووگل GoogleBook بڵاودەکاتەوە

ئایار 12, 2026 - 23:06
ئایار 12, 2026 - 23:08
کۆمپانیای گووگل GoogleBook بڵاودەکاتەوە
کۆمپانیای گووگل GoogleBook بڵاودەکاتەوە

کۆمپانیای گووگڵ لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا وەرچەرخانێکی مێژوویی لە جیهانی تەکنەلۆژیادا ڕاگەیاند و بە فەرمی کۆتایی بە سەردەمی کرۆمبووک هێنا، جێگرەوەی ئەم لاپتۆپانە بە ناوی "GoogleBook" ناساند، کە ئامانجی سەرەکی لێی یەکخستنی ئەزموونی مۆبایل و کۆمپیوتەرە لە یەک چوارچێوەی بەهێزدا. 

ئەم بەرهەمە نوێیە تەنها ناوەکەی نەگۆڕاوە، بەڵکو گۆڕانکاری بنەڕەتی لە سیستەمی کارکردنیدا کراوە و پشتی بە سیستەمێکی نوێ بە ناوی AluminiumOS بەستووە، ئەم سیستمە لە ڕاستیدا وەرچەرخانێکی نوێی سیستەمی ئەندرۆیدە کە بە ڕوکارێکی تەواو دێسکتۆپ دیزاین کراوەتەوە، تا بتوانێت کێبڕکێی سیستمە باوەکانی وەک ویندۆز و ماک بکات، لە هەمان کاتیشدا سوود لەو ملیۆنان ئەپڵیکەیشنە وەربگرێت کە لە پلاتفۆرمی ئەندرۆیدا بەردەستن.

یەکێک لە دیارترین تایبەتمەندییەکانی ئەم نەوە نوێیەی کۆمپیوتەرەکان، تێهەڵکێشکردنی قووڵی ژیری دەستکردی Geminiـە لەناو ناوەخنی AluminiumOS دا، ئەمە ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات کە لە ڕێگەی ژیری دەستکردەوە کارە ئاڵۆزەکانیان ئەنجام بدەن، لە نووسینی پڕۆژەکانەوە تا دەگاتە دەستکاری کردنی وێنە و ڤیدیۆ و بەڕێوەبردنی سیستمەکە بە شێوەیەکی زیرەکانە.

چاوەڕوان دەکرێت لە پایزی ئەمساڵدا یەکەم کاروانی ئەم ئامێرانە بکەونە بەردەستی بەکارهێنەران، کە ئەمەش دەبێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ کە تێیدا سنووری نێوان سیستەمی کارکردنی مۆبایل و لاپتۆپ بە تەواوی کاڵ دەبێتەوە. بەم هەنگاوە، گووگڵ دەیەوێت جڵەوی بازاڕی کۆمپیوتەر بگرێتە دەست و ئەزموونێکی خێراتر و مۆدێرنتر پێشکەشی بەکارهێنەرانی بکات، بە جۆرێک کە AluminiumOS ببێتە ڕکابەرێکی سەرسەختی هەموو ئەو سیستەمانەی کە ئێستا لە جیهاندا باون.