هەڵگرتنی کۆتوبەندەکان لەسەر مۆدێلە نوێیەکانی کۆمپانیای (Anthropic)

تشرینی یەکە 4, 2026 - 00:39
هەڵگرتنی کۆتوبەندەکان لەسەر مۆدێلە نوێیەکانی کۆمپانیای  (Anthropic)

وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا بڕیاری دا ئەو سنووردارکردنانە لادات کە پێشتر خرابوونە سەر دوو نوێترین مۆدێلی ژیریی دەستکردی کۆمپانیای ئەنسرۆپیک، کە ئەوانیش (Claude 5 - Fable) و (Mythos 5) ن. ئەم بڕیارەش دوای کەمتر لە سێ هەفتە دێت لەو داوایەی ئاڕاستەی کۆمپانیاکە کرابوو بۆ سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن پێیان بەهۆی نیگەرانییەکانی پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەییەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆمپانیاکە، دوای دۆزینەوە و چارەسەرکردنی کەلێنێک لە سیستەمی پارێزگاریی (Fable 5)  و توندکردنەوەی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان، بڕیاری هەڵگرتنی قەدەغەکردنەکە دراوە.

بەپێی ڕێککەوتنە نوێیەکان، ئەنسرۆپیک لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک (ئەمازۆن، گوگڵ و مایکرۆسۆفت) کار دەکات بۆ داڕشتنی پێوەرێکی هاوبەش. ئامانج لێی تاقیکردنەوە و ڕێگریکردنە لە هەر هەوڵێکی شکاندنی سیستەمی پارێزگاریی مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد.

کۆمپانیای ئەنسرۆپیک پێشتر کارکردنی هەردوو مۆدێلەکەی بۆ سەرجەم بەکارهێنەران ڕاگرتبوو؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەلایەن واشنتنەوە ناچاری کرابوو کە دەستڕاگەیشتن بەو مۆدێلانە تەنها بۆ هاووڵاتیانی ئەمریکی سنووردار بکات. لەبەر ئەوەی کۆمپانیاکە نەیدەتوانی بە خێرایی و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ناسنامە و ڕەگەزنامەی بەکارهێنەرانی دەرەوەی ئەمریکا پشتڕاست بکاتەوە، بڕیاری دا خزمەتگوزارییەکە بۆ هەمووان ڕابگرێت.

ئەم بڕیارە نوێیە بە واتای گەڕانەوەی دەستڕاگەیشتنە بە یەکێک لە زیرەکترین و پێشکەوتووترین سیستەمەکانی ژیریی دەستکرد لە جیهاندا، بەڵام ئەمجارەیان بە شێوازێکی زۆر سەلامەتتر و پارێزراوتر.