نوێکارییە ئاسایشییەکەی ئەپڵ بە هەند وەربگرە؛ هەر ئەمڕۆ سیستمەکەت ئەپدیت بکەرەوە

تشرینی یەکە 4, 2026 - 01:46
تشرینی یەکە 4, 2026 - 01:48
نوێکارییە ئاسایشییەکەی ئەپڵ بە هەند وەربگرە؛ هەر ئەمڕۆ سیستمەکەت ئەپدیت بکەرەوە

ئەپڵ ئەپدیتێکی ئەمنیی بەپەلەی بۆ ئایفۆن، ئایپاد، ماک و وێبگەڕی سەفاری بڵاوکردەوە. لەم ئەپدیتەدا دەیان کێشەی هاک و لاوازیی سیستمەکەی چاککردووە؛ بەتایبەت چەند کێشەیەکی گەورە لە مۆتۆری (WebKit)دا، کە سەفاری و تەواوی بەرنامەکانی تری ئینتەرنێت لەسەر ئایفۆن و ئایپاد پشتی پێ دەبەستن.

ئەپڵ دەڵێت ئەم ئەپدیتە لە ژێر ناوی iOS 26.5.2 و iPadOS 26.5.2 بۆ بەکارهێنەرانی ئایفۆن ١١ و مۆدێلە نوێترەکان، و هەروەها مۆدێلە نوێیەکانی ئایپاد بەردەست کراوە.

گرنگیی ئەم ئەپدیتە تەنها لە ژمارەی باگەکەندا نییە؛ بەڵکو بەشێک لەم لاوازییە ئەمنییانە دەکرێت ببنە هۆی دزەکردنی زانیارییە هەستیارەکان، تێکچوونی یادگە ، دەرچوونی داتاکان لە ڕێگەی ماڵپەڕە زیانبەخشەکانەوە، یان تەنانەت تێپەڕاندنی سنووردارکردنە ئەمنییەکانی وێبگەڕەکە.

ئەوەی جێی سەرنجە، ئەپڵ ئەمجارە زۆر خێرا ئەم ئەپدیتە ئەمنییەی دەرکردووە. بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەپڵ پێی وایە بەهۆی گەشەکردنی ژیریی دەستکردەوە، هاکەران دەتوانن زۆر خێراتر لە جاران ڕێگەی هاککردنی باگەکان بدۆزنەوە؛ بۆیە دەیەوێت پێش کێشەکان بکەوێت. هەرچەندە تا ئێستا هیچ هێرشێک بەهۆی ئەم باگانەوە تۆمار نەکراوە، بەڵام نەخستنە سەر وەشانی نوێ، سەرکێشییە.

ئەپدیت نەکردنی ئایفۆن، ئایپاد و ماک مەترسیدارە؛ چونکە  ڕەنگە تەنها بە کردنەوەی سایتێکی خراپ یان لینکێکی گوماناوی، پاسوۆرد و زانیارییە تایبەتەکانت بکەونە دەستی هاکەران.

ڕێگای ئەپدیتکردنی ئایفۆن و ئایپاد:

Settings → General → Software Update

تەرخانکردنی چەند خولەکێک بۆ دابەزاندنی ئەم ئەپدیتە، دەتوانێت ڕێگری لە سەرئێشە و کێشە گەورەکانی وەک دزینی زانیاری، قۆستنەوەی ئەکاونتەکان و دەستڕاگەیشتنی نایاسایی بە داتاکانت بگرێت.