مانۆس چییە و بۆچی زلهێزەکانی تەکنەلۆژیا کێبڕکێی کڕینی دەکەن؟
کۆمپانیای مانۆس (Manus) کە یەکێکە لە پێشەنگەکانی بواری ژیریی دەستکرد، بووەتە چەقی ململانێی گەورە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا لە جیهاندا.
مانۆس کۆمپانیایەکی داهێنەرە لە بواری پەرەپێدانی بریکارەکانی ژیریی دەستکرد (AI Agents). ئەم بریکارانە تەنها وەڵامی پرسیار نادەنەوە، بەڵکو دەتوانن بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بەبێ دەستێوەردانی مرۆڤ، ئەرکە ئاڵۆزەکانی سەر کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت جێبەجێ بکەن (وەک بەڕێوەبردنی کارەکان، گەڕان و ڕێکخستنی داتا). ئەمەش وای کردووە وەک داهاتووی ژیریی دەستکرد سەیر بکرێت.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، غولە تەکنەلۆژییەکەی چین، کۆمپانیای تێنسێنت (Tencent)، لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی گەورەترین پشکی کۆمپانیای مانۆس. تێنسێنت لەگەڵ چەند وەبەرهێنەرێکی تری ئێستای مانۆس پلان دادەنێت بۆ کڕینەوەی کۆمپانیاکە، کە بەهاکەی بە ٢ ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
مێتا (خاوەنی فەیسبووک و ئینستاگرام) زۆر هەوڵی دا مانۆس بکڕێت، بەڵام چین ڕێگەی پێ نەدا و پلانەکەی تێکدا. ئەمەش نیشانی دەدات کە پەرەپێدانی ئەم جۆرە ژیرییە دەستکردە، بووەتە هێڵێکی سوور لە ململانێی توندی نێوان ئەمریکا و چیندا.