OpenAI هەڵمەتی هاکەرانی ڕووسی و چینی دەشکێنێت

کۆمپانیای OpenAI کە بەرهەمهێنەری مۆدێلی ChatGPT ـە، ڕایگەیاند کە ڕێکارە توندەکانی گرتووە لە دژی کۆمەڵە هاکەرییەکانی پەیوەست بە دەوڵەتانی ڕووسیا، چین و ئێران. ئەم کۆمپانیایە تێکۆشانی هاکەرەکانی بۆ بەکارهێنانی ئامرازەکانی زیرەکی دەستکرد لە چالاکییەکاندا کە مەترسی لەسەر ئاسایشی سایبەری جیهانی دروست دەکەن بەپێی ڕاپۆرتێک لەلایەن ماڵپەڕی “thehackernews” بڵاوکراوەتەوە.
کۆمەڵە ڕووسییەکان کە ناویان لەسەر “ScopeCreep” نراوە، مۆدێلە زمانییەکانی OpenAI بەکارهێناون بۆ باشترکردنی نەرمەکاڵای زیانبەخش بۆ سیستەمی ویندۆز، چاککردنەوەی هەڵەکانی بەرنامەسازی و ئامادەکردنی ژێرخانی کۆنتڕۆڵ و فەرمان. ئەم کۆمەڵانە ڕێبازێکی زیرەکانەیان بەکارهێناوە کە پێکهاتووە لە دروستکردنی هەژمارە کاتییەکان بە بەکارهێنانی ئیمەیڵی ساختە، بەکارهێنانی هەر هەژمارێک بۆ یەک گفتوگۆ تەنها، پاشان بەجێهێشتنی هەژمار دوای بەکارهێنان و گواستنەوە بۆ هەژمارێکی نوێ.
لە ڕووی کۆمەڵە چینییەکانەوە، گروپەکانی پەیوەست بە APT5 و APT15 ی ChatGPT بەکارهێناوە بۆ لێکۆڵینەوەی سەرچاوە کراوەکان، دۆزینەوەی هەڵەکانی سیستەمی کارپێکردن و گەشەپێدانی ئامرازەکان بۆ بەڕێوەبردنی ژێرخان و بڵاوکردنەوەی ئەپڵیکەیشنەکانی ئەندرۆید. هەروەها هەندێک لەم کۆمەڵانە هەوڵیان داوە ئامرازەکان بۆ شکاندنی ڕاژەکانی FTP دروست بکەن و کەمپەینی کاریگەری لەسەر سەکۆکانی وەک فەیسبوک، ئینستاگرام و تیک تۆک خۆکار بکەن.
چالاکییەکانی دیکە کۆریای باکووری دەگرێتەوە کە ChatGPT ی بەکارهێناوە بۆ ساختەکردنی بەڵگەنامەکانی دامەزراندن لە بواری تەکنەلۆژیای زانیاری، هەروەها کۆمەڵەیەکی فیلیپینی کە هەزاران لێدوانی سیاسی لە فەیسبوک و تیک تۆک بڵاوکردووەتەوە. لە هەمان کاتدا، کۆمەڵەی ئێرانی ژیری دەستکردی بەکارهێناوە بۆ بەرەوپێشخستنی چیرۆکە سیاسییەکان و پشتگیری بزووتنەوە جیاخوازەکان.
لە کۆتاییدا، تیمی ئاسایشی OpenAI جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەندێک لەم چالاکییانە لەسەر بنەمای پێکهاتە فڕوفرۆشییە ئاڵۆزەکان بنیاتنراون کە ئامانجیان کۆکردنەوەی پارەیە لە کرێی دامەزراندنی ساختە، ئەمەش پێویستی بە ئاگاداربوونەوەی نێودەوڵەتی زیاتر هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەکارهێنانی ئامرازەکانی ژیری دەستکرد لە تاوانە دیجیتاڵییەکاندا.