فەیسبووک کۆتا کارتەکانی دەخاتەڕوو بۆ ڕکابەریکردن لەگەڵ تیک تۆک

حوزەیری 18, 2025 - 19:58
فەیسبووک کۆتا کارتەکانی دەخاتەڕوو بۆ ڕکابەریکردن لەگەڵ تیک تۆک

فەیسبووک ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە هەموو ڤیدیۆکان لەسەر پلاتفۆرمەکەی بەزووی وەک “ڕیلز” (Reels) باڵاو دەکرێنەوە، بەبێ گوێدانە درێژایی یان ڕەهەندەکانیان (ئاسۆیی یان ستوونی).

ڕیلز ئەو زنجیرە ڤیدیۆیانەن کە بە شێوەیەکی یەک لەدوای یەک دەردەکەون بە شێوەیەک کە لە پیشاندانی ڤیدیۆکان لە تیک تۆک دەچێت.

تا ئێستا، بەکارهێنەران دەیانتوانی پۆستی ڤیدیۆ یان ڕیلز بە جیاکردنەوە باڵاو بکەنەوە، بەڵام کۆمپانیاکە ئێستا تابی “ڤیدیۆ” دەگۆڕێت بۆ “ڕیلز”.

فەیسبووک دووپات کردەوە کە ئەم نوێکردنە سروشتی ئەو ڤیدیۆ پێشنیارکراوانە ناگۆڕێت کە بۆ بەکارهێنەران دەکرێن.

لە چەند مانگی داهاتوودا، بەکارهێنەران پێویستیان نابێت لەنێوان باڵاکردنەوەی ڤیدیۆ یان ڕیلز هەڵبژاردن بکەن، چونکە هەر ڤیدیۆیەک بە شێوەیەکی خۆکارانە وەک “ڕیل” باڵاو دەکرێتەوە.

هەروەها ڕیلزەکان لەسەر فەیسبووک بە درێژایی یان فۆرماتێکی دیاریکراو سنووردار نابن، بەپێچەوانەی دۆخی ئێستا کە تەنها ڕێگە بە ڕیلزەکان دەدات کە زیاتر لە ٩٠ چرکە نەبن.

ئەم گۆڕانکاریانە ئامانجیان ئاسانکردنی ئەزموونی باڵاکردنەوەی ڤیدیۆ لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەیە، ئەمەش یەکەم جار نییە کە یەکێک لە پلاتفۆرمەکانی میتا ئەمە بکات، چونکە ئینستاگرام لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە دەستی کرد بە گۆڕینی ڤیدیۆ نوێیەکان کە کەمتر لە ١٥ خولەک درێژن بۆ ڕیلز.

فەیسبووک لە پۆستێکدا لەسەر بلۆگەکەی ڕوونی کردەوە: “لەپێشدا، تۆ ڤیدیۆت دەنارد بۆ فیدەکان (Feed) یان ڕیلت باڵاو دەکردەوە بە بەکارهێنانی ئامراز و ڕێکارە جیاوازەکان بۆ هەر جۆرێک. ئێستا، ئەم ئەزموونانە یەکدەخەین لەژێر ڕەوتێکی باڵاکردنەوەی ئاسانکراودا کە ڕێگەت پێدەدات زیاتر لە ئامرازە داهێنەرەکان بەکاربهێنیت. هەروەها کۆنتڕۆڵی ڕێکخستنەکانی بینەرانت پێدەین بۆ دیاریکردنی ئەوەی کێ دەتوانێت ڕیلزەکانت ببینێت”.

بەڵام لەوانەیە ئەم گۆڕانکاریانە ناڕەزایەتی هەندێک بەکارهێنەر دروست بکات، بەتایبەتی ئەوەی کە دەکرێت هەندێک تەحەددا دروست بکات، وەک ئاژاوەدانی بەکارهێنەران کاتێک ڤیدیۆی ئاسۆیی باڵا دەکەنەوە کە بە شێوەیەکی خۆکارانە دەگۆڕێت بۆ فۆرماتی ستوونی تایبەت بە ڕیلز. جگە لەوەش، ڕەنگە هەندێک نەیانەوێت ڤیدیۆی درێژ لەگەڵ ڤیدیۆی کورت لە هەمان شوێن ببینن.

بەپێی نوێکردنە نوێیەکە، ڕێکخستنەکانی باڵاکردنەوە بۆ ڕیلز و فیدەکان یەکدەخرێن. کاتێک ڕیلز لەدوای نوێکردنەکە باڵاو دەکرێتەوە، داوا لە بەکارهێنەران دەکرێت ڕێکخستنەکانی بینەر پشتڕاست بکەنەوە بۆ دیاریکردنی ئەوەی کێ دەتوانێت ڤیدیۆکە ببینێت: هەموو کەس، تەنها هاوڕێکان، یان کۆمەڵێکی دیاریکراو لە کەسان.

فەیسبووک دووپات کردەوە کە پلاتفۆرمەکەی بەردەوام شوێنێک دەبێت بۆ ناوەڕۆکی ڤیدیۆ بە هەموو جۆرەکانی، چ کورت بێت یان درێژ یان پەخشی ڕاستەوخۆ، ئەم گۆڕانکاریانەش بە تەدریج بۆ بەکارهێنەران لە سەرانسەری جیهان لە مانگە داهاتووەکاندا دەردەکەون.​​​​​​​​​​​​​​​​