كۆمپانیای چینی “دیپ سیك” جۆری “V3.1” دەردەخات بۆ بەهێزكردنی توانای مۆدێلە كۆنەكەی

ئاب 20, 2025 - 00:48
كۆمپانیای چینی “دیپ سیك” جۆری “V3.1” دەردەخات بۆ بەهێزكردنی توانای مۆدێلە كۆنەكەی

كۆمپانیای چینی نوێی زیركی دەستكرد “دیپ سیك”، ڕۆژی سێشەممە، ڕاگەیاندی دەرچوونی جۆری “V3.1”، كە وادیارە نوێكردنەوەیەكی مۆدێلی كۆنی زیركی دەستكردی “V3”ە، و ڕاگەیاندنی جۆرێکی باشتر كە ئامادەیە بۆ تاقیكردنەوە.

جۆری “V3.1” بە پەنجەرەی دەقی درێژتر تایبەتمەندە، بەپێی پۆستێكی كۆمپانیای دیپ سیك لەسەر گروپە فەرمیەكەیان لە ئەپی “WeChat”، ئەمەش واتای ئەوەیە كە دەتوانێت بڕێكی زیاتری زانیاری قبووڵ بكات بۆ هەر پرسیارێكی دیاریكراو.

بۆ نموونە، ئەمە لەوانەیە ڕێگا بە مۆدێلی زیركی دەستكرد بدات قسەكردنی درێژتر ئەنجام بدات لەگەڵ توانای باشتری بیرهێنانەوە، بەپێی ڕاپۆرتێكی ئاژانسی بلومبێرگ.

كۆمپانیا نوێیەكە، كە ناوەندەكەی لە هانگژۆوە، زیاتر لە وردەكاریەكان دەربارەی نوێكردنەوەكە نەداوە، و بەڵگەنامەی لەسەر پلاتفۆرمە سەرەكیەكان باڵانەكردۆتەوە، لەوانە “Hugging Face”.

خێرایی و بەناوبانگی مۆدێلەكانی “دیپ سیك” چاڵێنجێکی بۆ كۆمپانیا بەناوبانگەكانی زیركی دەستكردی ئەمریكی درووستكرد وەك “OpenAI” -درووستكەری ڕۆبۆتی قسەكردنی بەناوبانگ “چات جی پی تی”- و نیشانیدا چۆن كۆمپانیا چینیەكان دەتوانن پێشكەوتن لە بوارەی زیركی دەستكرددا بەدەست بهێنن بە تێچوونێك كە بەشێكی بچووكی ئەو بڕەی ڕكابەرە ڕۆژاوایەكان خەرجی دەكەن.

مۆدێلی “R1”ی جیهانی سەرسوڕهێنا كاتێك لە سەرەتای ئەمساڵدا ئاشكرا كرا، دوای ئەوەی لەسەر چەند ڕكابەرێكی ڕۆژاوایی لە پێوەرە ستانداردەكاندا زاڵبوو.