تەکنەلۆژیایەک کە هەرا دەنێتەوە
کۆمپانیای مێتا (خاوەنی فەیسبووک و ئینستاگرام) بڕوانامەی داهێنانی (Patent) بۆ مۆدێلێکی ژیریی دەستکرد وەرگرتووە کە دەتوانێت شێوازی قسەکردن، دەنگ و ڕەفتاری بەکارهێنەر کۆپی بکات. ئەم سیستمە ڕێگە دەدات هەژمارەکان تەنانەت دوای مردنی خاوەنەکەشیان بەردەوام بن لە بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆک و وەڵامدانەوەی کۆمێنتەکان، بە جۆرێک کە جیاکردنەوەی لە کەسە ڕاستەقینەکە قورس بێت.
ئەم هەواڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی توندی لێکەوتووەتەوە و زۆر کەس دەڵێن "لێگەڕێن مردووەکان بە ئارامی پشوو بدەن". مێتا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەیە کە بەهۆی نەمان یان دابڕانی درێژخایەنی بەکارهێنەر دروست دەبێت. هەرچەندە بڕوانامەکە تۆمارکراوە، بەڵام وتەبێژی مێتا دەڵێت ئێستا هیچ پلانێکی دەستبەجێیان نییە بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە.