دانمارک سۆشیاڵ میدیا قەدەغە دەکات لەسەر منداڵانی خوار ١٥ ساڵ
حکومەتی دانمارک ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا قەدەغە دەکات بۆ منداڵانی خوار تەمەنی ١٥ ساڵ، بەڵام ڕێگا بە دایک و باوکان دەدات لە تەمەنی ١٣ ساڵەوە ڕێگەپێدانی تایبەت بدەن بە منداڵەکانیان بۆ دەستڕاگەیشتن بە پلاتفۆرمە دیاریکراوەکان.
ئەم هەنگاوە دوای داواکاری سەرۆک وەزیران میت فریدریکسن دێت لە وتارە کراوەییەکەیدا لەبەردەم پەرلەمان لە مانگی ڕابردوودا بۆ دانانی سنووردار لەسەر بەکارهێنانی منداڵان بۆ سۆشیاڵ میدیا بەهۆی نیگەرانییەکان لەسەر تەندروستیی دەروونیی لاوان.
وەزیری دیجیتاڵیکردن کارۆلاین ستاج ئۆلسن گوتی: “ئەوەی پێی دەوترێت سۆشیاڵ میدیا گەشە دەکات بە دزینی کات و منداڵی و خۆشگوزەرانیی منداڵەکانمان، و ئێمە ئێستا کۆتایی بەمە دەهێنین”.
ئۆلسن زیادی کرد ٩٤٪ ی منداڵە دانماركییەکانی خوار تەمەنی ١٣ ساڵ لانیکەم ئەکاونتێکیان هەیە لەسەر یەک پلاتفۆرمی سۆشیاڵ میدیا، و زیاتر لە نیوەی منداڵانی خوار تەمەنی ١٠ ساڵیش ئەکاونتیان هەیە.
زۆرینەی حیزبەکانی پەرلەمانی دانمارک پشتگیرییان لە پلانەکە دەربڕی پێش دەنگدانی فەرمی. حکومەت گوتی پلاتفۆرمە زۆر بەکارهێنراوەکان لەلایەن منداڵان لە دانمارک سناپچات و یوتیوب و ئینستاگرام و تیک تۆک لەخۆدەگرن.
بەپێی شیکارییەکی دەستەی ڕکابەری و بەکاربەر لە دانمارک لە شوباتی ئەمساڵدا، لاوان لەم وڵاتە سکاندیناڤییەدا بە ناوەند دوو کاتژمێر و ٤٠ خولەک لە ڕۆژێکدا لەسەر سۆشیاڵ میدیا بەسەر دەبەن.
دانمارک شوێن هەنگاوەکانی ئۆسترالیا دەکەوێت، کە ساڵی ڕابردوو قەدەغەکردنی سەپاند لەسەر سۆشیاڵ میدیا بۆ منداڵانی خوار تەمەنی ١٦ ساڵ.