ئێکسی ئیلۆن ماسک سزای ئەوروپیی سەخت بە ١٤٠ میلیۆن دۆلار وەردەگرێت
ئەم سزایە لە دوای لێکۆڵینەوەیەکی دوو ساڵە هات بەهۆی پێشێلکردنی پلاتفۆرمەکە بۆ یاساکانی ناوەڕۆکی ئینتەرنێت.
ڕێکخەرانی تەکنەلۆجیای یەکێتیی ئەوروپی سزایەکی ١٢٠ میلیۆن یۆرۆ (١٤٠ میلیۆن دۆلار) لەسەر کۆمپانیای تۆڕی کۆمەڵایەتی “ئێکس”ی سەر بە ئیلۆن ماسک سەپاند، بەهۆی پێشێلکردنی یاساکانی ناوەڕۆکی ئینتەرنێت. ئەمە یەکەم سزایە کە لەژێر یاسایەکی گرنگی ئەوروپیدا دەدرێت، کە ڕەنگە تووڕەیی حکومەتی ئەمریکا هەڵبستێنێت. لە هەمان کاتدا، پلاتفۆرمی “تیک تۆک” لە سزادان دەرباز بوو لە دوای ئەوەی داواکاریەکانی پێشکەش کرد.
بەڕێوەبەرایەتیی سەرۆک ئەمریکا دۆناڵد ترامپ ڕەخنەی لە هەوڵە توندەکانی ئەوروپا گرتووە لە دژی کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆجیا، و گوتوویەتی ئەمە ئامانجی کۆمپانیا ئەمریکییەکانە و سانسۆر لەسەر ئەمریکییەکان دەکات. کۆمیسیۆنی ئەوروپی گوتی یاساکانی هیچ نەتەوەیەک ئامانج ناگرن، و تەنها ستانداردە دیجیتاڵی و دیموکراتیەکانی خۆی دەپارێزن.
سزای یەکێتیی ئەوروپا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس لە دوای لێکۆڵینەوەیەکی دوو ساڵە هات بەپێی یاسای خزمەتگوزاریە دیجیتاڵیەکانی یەکێتی، کە پێویستی بە پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنیەکان دەکات هەوڵی زیاتر بدەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ناوەڕۆکی نایاسایی و زیانبەخش. لێکۆڵینەوەی یەکێتیی ئەوروپا دەربارەی “تیک تۆک”ی هی کۆمپانیای “بایت دانس” بووە هۆی تۆمەتبارکردن لە مایۆ کە کۆمپانیاکە مەرجێکی یاسای خزمەتگوزاریە دیجیتاڵیەکانی پێشێل کردووە.
هێنا ڤیرکونین، جێگری جێبەجێکاری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپی بۆ سەروەری تەکنەلۆجی، گوتی سزای بچووکی یەکێتی ئەوروپا لەسەر ئێکس هاوتایە و بەپێی سروشتی پێشێلکاریەکان حیساب کراوە. وتی: “ئێمە لێرە نین بۆ سەپاندنی بەرزترین سزاکان. ئێمە لێرەین بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی یاساکانی دیجیتاڵیمان، و ئەگەر ملکەچی یاساکانمان بیت، هیچ سزایەکت نادرێت. زۆر سادەیە.”
ڤیرکونین جەختی کردەوە کە یاسای خزمەتگوزاریە دیجیتاڵیەکان هیچ پەیوەندییەکی بە سانسۆرەوە نییە. بڕیارە داهاتووەکان دەربارەی کۆمپانیاکانی تر چاوەڕوانی دەکرێت کاتی کەمتر بخایەنن لە بەراورد بە کێسی ئێکس کە دوو ساڵی خایاند. “میتا” و “تیک تۆک” لە ئۆکتۆبەردا تۆمەتبار کران، هەروەها پلاتفۆرمی چینی “تیمۆ” بە پێشێلکردنی یاساکانی قەدەغەکردنی فرۆشتنی بەرهەمە نایاساییەکان تۆمەتبار کرا.