گووگڵ ڕێگە بە منداڵان دەدات کە جێمینای بەکاربهێنن

ئارەی 5, 2025 - 21:26
گووگڵ ڕێگە بە منداڵان دەدات کە جێمینای بەکاربهێنن

کۆمپانیای گووگڵ دەستی کردووە بە ناردنی ئاگادارکردنەوە لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە بۆ ئەو دایکان و باوکانەی کە ئەپڵیکەیشنی چاودێری خێزانی (Family Link) بەکاردەهێنن، بۆ ئاگادارکردنەوەیان لە گۆڕانکارییەک کە ڕێگە بە منداڵەکانیان دەدات دەستیان بە بۆتی زیرەکی دەستکردی جێمینای ڕابگات و لەسەر ئامێرەکانی ئەندرۆیدی ژێر چاودێرییان بەکاری بهێنن.

بەپێی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، گووگڵ لە نامەی ئیمەیڵەکەیدا بۆ بەکارهێنەرانی ئەپی چاودێری دایکان و باوکان ڕوونی کردۆتەوە کە ئامانج لە بەردەستکردنی جێمینای بۆ منداڵان (ژێر تەمەنی ١٣ ساڵ) ئەوەیە کە دەرفەتیان پێ بدرێت سوودی لێ ببینن لە بوارە سوودبەخشەکاندا، وەک یارمەتی لە ئەرکی قوتابخانەدا، فێربوونی بابەتی نوێ، یان تەنانەت بەکارهێنانی بۆ خوێندنەوەی چیرۆک بۆیان.

کۆمپانیاکە دڵنیایی دەدات، هاوشێوەی سیاسەتی لەگەڵ حیساباتی Workplace for Education بۆ پەروەردە، کە زانیاری کارلێککردنی منداڵان لەگەڵ جێمینای بە هیچ شێوەیەک بۆ ڕاهێنانی مۆدێلەکانی زیرەکی دەستکردی کۆمپانیاکە بەکارنایەت، لە هەوڵێکدا بۆ دڵنیاکردنەوەی دایکان و باوکان سەبارەت بە تایبەتمەندی زانیاری منداڵەکانیان.

سەرەڕای سوودە پێشبینیکراوەکان، گووگڵ ئاگادارکردنەوە گرنگەکانی لە نامەکەی بۆ دایکان و باوکان پشتگوێ نەخستووە، کۆمپانیاکە دووپاتی کردۆتەوە کە جێمینای، وەک هەر سیستەمێکی زیرەکی دەستکرد، دەکرێت هەڵە بکات و زانیاری ناتەواو یان تەنانەت هەڵە بدات (وەک ڕاسپاردەی پێشووی بۆ خستنی چەسپ لەسەر پیتزا!).

گرنگتر لەوەش، گووگڵ ئاگاداری کردۆتەوە کە منداڵان لەوانەیە ڕووبەڕووی ناوەڕۆکێک ببنەوە کە دایکان و باوکان نایانەوێت بیبینن لەکاتی بەکارهێنانی جێمینای، بە ئاماژەدان بە ئەگەری بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی ناشیاو یان نەگونجاو بۆ تەمەنیان.

ئەم ئاگادارکردنەوانە لە زەمینەی ئەو کێشانە دێت کە پلاتفۆرمەکانی تری زیرەکی دەستکرد ڕووبەڕووی بوونەتەوە کە بۆ گەنجان بەردەستە، کە تیایدا ڕاپۆرت کراوە کە هەندێک بەکارهێنەری بچووک زەحمەتییان هەبووە لە جیاکردنەوەی نێوان ئامرازێکی زیرەکی دەستکرد و واقیع، و پێشکەشکردنی ناوەڕۆکی ناشیاو لەلایەن ڕۆبۆتەکانەوە، کە وای لە کۆمپانیاکە کردووە سنوورداری زیاتر بسەپێنێت.

گووگڵ ئامۆژگاری دایکان و باوکان دەکات کە گفتوگۆیەکی کراوە لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن پێش ڕێگەدان بە بەکارهێنانی جێمینای، و سروشتی زیرەکی دەستکرد ڕوون بکەنەوە و کە ئەوە بوونەوەرێکی مرۆیی نییە، و جەخت لەسەر گرنگی هاوبەش نەکردنی هیچ زانیارییەکی کەسی یان هەستیار لەگەڵ بۆتی چاتەکە بکەنەوە.

سەرەڕای ئەوەی کە منداڵان بە تەکنیکی دەتوانن جێمینای لەسەر ئامێرە چاودێریکراوەکانیان لە ڕێگەی فامیلی لینک چالاک بکەن، بەڵام گووگڵ دووپاتی کردۆتەوە کە دایکان و باوکان توانای کۆنترۆڵکردنی ئەو دەستپێگەیشتنەیان دەبێت.

وتەبێژی کۆمپانیاکە، کارل ڕایان، بە The Verge ی ڕاگەیاند کە دایکان و باوکان دەتوانن بە ئاسانی ڕێگری یان ڕێگەدان بە دەستڕاگەیشتن بە جێمینای لە ڕێگەی ڕێکخستنەکانی ئەپڵیکەیشنی فامیلی لینکەوە بکەن.

لەگەڵ ئەوەشدا، دایکان و باوکان ئاگادارکردنەوەیەکی تایبەت وەردەگرن لە یەکەم جار کە منداڵەکەیان دەستی بە جێمینای ڕاگەیشت و بەکاری هێنا.​​​​​​​​​​​​​​​​