بڕیارێکی دادگا دژی ئیلۆن مەسک بە تۆمەتی چەواشەکردنی وەبەرهێنەرانی “تویتەر”

ئازاری 23, 2026 - 18:43
بڕیارێکی دادگا دژی ئیلۆن مەسک بە تۆمەتی چەواشەکردنی وەبەرهێنەرانی “تویتەر”

دەستەی دادوەران لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا بڕیاریان دا کە ئیلۆن مەسک بە ئەنقەست وەبەرهێنەرانی سەکۆی "تویتەر"ی چەواشە کردووە لە کاتی هەوڵدان بۆ کشانەوە لە گرێبەستی کڕینی کۆمپانیاکە لە ساڵی ٢٠٢٢. کێشەکە لەوەوە دەستی پێکرد کە مەسک لە تویتێکدا ڕایگەیاندبوو گرێبەستەکە "بە شێوەیەکی کاتی ڕاگیراوە" تا دڵنیا دەبێتەوە لە ڕێژەی ئەکاونتە ساختەکان، ئەمەش بووە هۆی دابەزینی نرخی پشکەکان و زیانگەیاندن بەو وەبەرهێنەرانەی لەو ماوەیەدا پشکەکانیان فرۆشتبوو.

دادگا لایەنی وەبەرهێنەرانی گرتووە و مەسکی بەوە تۆمەتبار کردووە کە زانیاری گوماناوی بڵاوکردووەتەوە بۆ ئەوەی نرخی پشکەکان دابەزێنێت. پێشبینی دەکرێت بڕی قەرەبووکردنەوەکە بگاتە ٢.٦ ملیار دۆلار، هەرچەندە ئەم بڕە پارەیە لە چاو سەروەت و سامانی مەسک کە بە زیاتر لە ٦٦٠ ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت زۆر نییە، بەڵام وەک شکستێکی یاسایی نوێ بۆ ئەو بازرگانە ئەمریکییە سەیر دەکرێت.