گووگڵ ڕێککەوتنێکی نهێنیی لەبواری ژیریی دەستکرد لەگەڵ پێنتاگۆن واژۆ دەکات
گووگڵ ڕێککەوتنێکی نهێنی لەگەڵ پێنتاگۆن واژۆ کرد بۆ دابینکردنی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد لە پڕۆژە پۆلێنکراوەکاندا، بەمەش هاوشانی OpenAI و xAI دەبێت لە پاڵپشتیکردنی ئەرکە هەستیارەکانی وەزارەتی بەرگری بە مەرجی بەکارنەهێنانی بۆ چەکی خودکار یان چاودێریی بەکۆمەڵ.
ڕاپۆرتێکی"The information"دەریدەخات گووگڵ ڕێککەوتنێکی نهێنی لە بواری ژیریی دەستکرد لەگەڵ پێنتاگۆن واژۆ دەکات بە دابینکردنی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد بۆ مەبەستی نهێنی ، تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد پێشکەشی پێنتاگۆن دەکات و بەمەش هاوشانی OpenAI و xAI دەبێت.
٢٨ی نیسان بەپێی ڕاپۆرتێکی پێگەی "The information" کە پشت بە سەرچاوەیەکی ئاگادار دەبەستێت، کۆمپانیای گووگڵ سەر بە کۆمەڵەی Alphabet Inc پەیوەندی بەو کۆمپانیا تەکنەلۆژیایانەوە کردووە کە گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئەمریکا هەیە بۆ بەکارهێنانی مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد لە پڕۆژە پۆلێنکراوە نهێنییەکاندا.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕێککەوتنەکە ڕێگە بە پێنتاگۆن دەدات ژیریی دەستکردی گووگڵ بۆ هەر مەبەستێکی یاسایی حکومی بەکاربهێنێت .بەم هەنگاوەش گووگڵ دەچێتە پاڵ هەریەکە لە کۆمپانیاکانی OpenAI و xAI سەر بە ئیلۆن مەسک کە پێشتر ڕێککەوتنی هاوشێوەیان بۆ دابینکردنی مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد بۆ مەبەستی نهێنی هەبووە.
تۆڕە پۆلێنکراوە نهێنییەکان بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵێک ئەرکی هەستیار بەکاردێن، لەوانە پلاندانان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان و دەستنیشانکردنی ئامانجە سەربازییەکان.
لە ساڵی ٢٠٢٥دا، پێنتاگۆن گرێبەستی جیاوازی بە بڕی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار لەگەڵ تاقیگە گەورەکانی ژیریی دەستکرد واژۆ کرد، لەوانە Anthropic، OpenAI، پێشتر وەزارەتی بەرگری فشاری لە کۆمپانیاکانی وەک OpenAI و Anthropic دەکرد تاوەکو ئامرازەکانیان لەسەر تۆڕە نهێنییەکان بەبێ ئەو سنووردارکردنە ستانداردانە بەردەست بخەن کە بۆ بەکارهێنەرانی ئاسایی پەیڕەو دەکرێن.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ڕێککەوتنەکەی گووگڵ پابەندی دەخاتە سەر کۆمپانیاکە کە لەسەر داوای حکومەت هاوکار بێت لە دەستکاری و گونجاندنی فلتەرەکان و ڕێکخستنی سەلامەتیی ژیرییە دەستکردەکە.
لە دەقی گرێبەستەکەدا هاتووە" :لایەنەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی سیستەمی ژیریی دەستکرد بۆ مەبەستی چاودێریی بەکۆمەڵی ناوخۆیی یان چەکی خودکار بە دەستنیشانکردنی ئامانجەکانیشەوە بەبێ سەرپەرشتی و کۆنترۆڵی مرۆیی ، دروست نەکراوە و نابێت بۆ ئەو مەبەستانە بەکاربهێنرێت."
لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێککەوتنەکە جەختی کردۆتەوە کە گووگڵ مافی ڤیتۆکردنی بڕیارە ئۆپەراسیۆنە یاساییەکانی حکومەتی نابێت، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، کە لە لایەن سەرۆک دۆناڵد تڕەمپەوە ناوەکەی بۆ "وەزارەتی جەنگ" گۆڕدراوە، دەستبەجێ وەڵامی داواکارییەکانی بۆ نەدایەوە.
گووگڵ ڕایگەیاندووە کە بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی ئاژانسە حکومییەکان لە پڕۆژە نهێنی و ئاساییەکاندا، وتەبێژێکی کۆمپانیاکە وتی: "پابەندین بەو کۆدەنگییەی کە دەڵێت نابێت ژیریی دەستکرد بۆ چاودێریی بەکۆمەڵ یان چەکی خودکار بەبێ سەرپەرشتی مرۆڤ بەکاربهێنرێت. دابینکردنی دەستگەیشتن بە API بۆ مۆدێلە بازرگانییەکانمان لەسەر ژێرخانی گووگڵ، بە پەیڕەوکردنی ڕێکارە ستانداردەکانی پیشەسازی، هەنگاوێکی بەرپرسانەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی."
پێنتاگۆن پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هیچ مەبەستێکی نییە بۆ بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە چاودێریکردنی هاوڵاتیانی ئەمریکا یان پەرەپێدانی چەکی سەربەخۆ، بەڵکو خواستی ئەوەیە دەست کراوە بێت لە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بۆ هەر مەبەستێک کە یاسا ڕێگەی پێبدات.
شایەنی باسە، کۆمپانیای Anthropic لە سەرەتای ئەمساڵدا ڕووبەڕووی لێکەوتەی توند بووەوە لەگەڵ پێنتاگۆن، دوای ئەوەی ڕەتیکردەوە بەربەستە ئەمنییەکانی مۆدێلەکەی (Claude) لابدات، ئەمەش وایکرد وەزارەتی بەرگری، کۆمپانیای ئەنسرۆپیک بخاتە لیستی ئەو کۆمپانیایانەی کە مەترسییان بۆ سەر پرۆسەی دابینکردن هەیە بەهۆی هاوکارنەبوونیان لە پڕۆژە سەربازییەکاندا.