دزەپێکەرەکان زانیاری دەربارەی چاویلکەی سامسۆنگ: نرخ، تایبەتمەندی و کاتی بڵاوکردنەوەی ئاشکرا دەکەن
سامسۆنگ چاویلکەیJinju بە ژیریی دەستکرد و بێ شاشە بۆ کێبڕکێی مێتا بەرهەم دەهێنێت. لە ساڵی ٢٠٢٧دا، مۆدێلی Haean بە شاشەی پێشکەوتووی micro-LED و نرخێکی بەرزتر بڵاودەکاتەوە. ئەم هەنگاوە ستراتیژییەتێکە بۆ گەیشتن بە تەکنەلۆژیای تەواوی AR.
دزەپێکەرەکان باس لەوە دەکەن کە چاویلکە زیرەکەکانی سامسۆنگ لە ڕێگەی تایبەتمەندییەکانی ژیریی دەستکرد (AI)، دیزاینی بێ شاشە، و نرخێکی دیاریکراو کێبڕکێی کۆمپانیای مێتا دەکەن؛ هەروەها نەخشەڕێگایەک بۆ ساڵی ٢٠٢٧ بۆ تەکنەلۆژیای AR خراوەتە ڕوو.
چاویلکە زیرەکەکانی سامسۆنگ کە ماوەیەکی زۆرە باس دەکرێن، دواجار خەریکە دەبنە ڕاستی. دزەپێکردنێکی نوێ، هەم ئاڕاستەی دیزاین و هەم ستراتیژیی کۆمپانیاکە بۆ چەند ساڵی داهاتوو ئاشکرا دەکات. وێنە و وردەکارییە نوێیەکان کە لەلایەن Android Headlinesـەوە بڵاوکراونەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە یەکەم چاویلکەی زیرەکی سامسۆنگ، کە لە ناوخۆدا ناوی کۆدی "Jinju"ی لێنراوە، زیاتر جەخت لەسەر سادەیی دەکاتەوە.
چوارچێوەی چاویلکەکە لە چاویلکەی ئاسایی دەچێت و تەنها چەند کامێرایەکی بچووک لە قەراغەکانیدا هەن کە ئاماژەن بۆ زیرەکییەکەی. ئەمە هەنگاوێکی بە مەبەستە و لەگەڵ ئاڕاستەی ئێستای پیشەسازییەکە دەگونجێت کە دەیانەوێت تەکنەلۆژیای لەبەرکراو (wearable tech) لەگەڵ شێوازی ژیانی ئاسایی تێکەڵ بێت نەک زۆر جیاواز دەربکەوێت.بە پێچەوانەی هێدسێتە پێشکەوتووەکانی (AR) چاوەڕوان ناکرێت ئەم وەشانەی یەکەم شاشەی هەبێت؛ لەبری ئەوە، سەرنجەکە لەسەر دروستکردنی هاوەڵێکی ژیریی دەستکردە کە بەکارهێنەران بتوانن بە درێژایی ڕۆژ بەبێ هیج ئاستەنگێک بەکاری بهێنن.
زانیارییە دزەپێکراوەکان ئاماژە بە نەخشەڕێگایەکی درێژخایەن دەکەن. لە کاتێکدا "Jinju" وەک سەرەتای هاتنی سامسۆنگ بۆ ئەم بوارە دادەنرێت، مۆدێلێکی دووەم بە ناوی کۆدی "Haean" لە پەرەپێداندایە .چاوەڕوان دەکرێت ئەو وەشانە لە ساڵی ٢٠٢٧دا بگات و شاشەیەکی micro-LED لەناو هاوێنەی چاویلکەکەدا جێگیر بکرێت، پێدەچێت سامسۆنگ شێوازێکی هەنگاو بە هەنگاوی گرتبێتە بەر؛ سەرەتا بە چاویلکەیەکی زیرەکی گونجاو و بێ شاشە دەست پێ دەکات و دواتر بەرەو ڕەقەکاڵای پێشکەوتووتر دەچێت
خەمڵاندنە سەرەتاییەکان بۆ نرخی چاویلکەی "Jinju" لە نێوان ٣٧٩ بۆ ٤٩٩ دۆلاردایە، کە بە تەواوی بەرامبەر چاویلکە زیرەکەکانی Ray-Banـی مێتا دەوەستێتەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکەی Android Headlines چاوەڕوان دەکرێت مۆدێلی "Haean" کە شاشەی تێدایە، نرخێکی زۆر بەرزتری هەبێت و لە نێوان ٦٠٠ بۆ ٩٠٠ دۆلاردا بێت.