هۆشدارییەکی توند لە یەکێتی ئەوروپاوە بۆ مێتا: منداڵانی خوار ١٣ ساڵ بلۆک بکەن

یەکێتی ئەوروپا کۆمپانیای مێتا تۆمەتبار دەکات بە پێشێلکردنی یاساکان بەهۆی ڕێگەدان بە منداڵانی خوار ١٣ ساڵ بۆ بەکارهێنانی فەیسبووک و ئینستاگرام، و هۆشداری داوە کە ئەگەر ڕێکاری توندتر بۆ پاراستنی منداڵان نەگرێتە بەر، ڕووبەڕووی سزای دارایی قورس دەبێتەوە کە دەگاتە ٦٪ی کۆی داهاتی ساڵانەی.

نیسان 29, 2026 - 13:52
نیسان 29, 2026 - 16:38
هۆشدارییەکی توند لە یەکێتی ئەوروپاوە بۆ مێتا: منداڵانی خوار ١٣ ساڵ بلۆک بکەن

ڕێکخەرانی یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند کە هەردوو تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و ئینستاگرام، کە سەر بە کۆمپانیای مێتان (META.O)، تۆمەتبار کراون بە پێشێلکردنی یاسا سەرەکییەکانی تەکنەلۆژیای یەکێتییەکە و دەبێت هەوڵی زیاتر بدەن بۆ ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی منداڵانی خوار تەمەن ١٣ ساڵ بەو تۆڕانە.

ئەم تۆمەتانە، کە وەک ئەنجامە سەرەتاییەکان ناسراون، لە چوارچێوەی یاسای خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکاندا (DSA) هاتوون. یاسایەک کە داوا لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیا دەکات کاری زیاتر بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ناوەڕۆکی نایاسایی و زیانبەخش لەسەر پلاتفۆرمەکانیان. ئەم بڕیارەش دوای لێکۆڵینەوەیەکی دوو ساڵەی کۆمیسیۆنی ئەوروپا هاتووە.

کۆمپانیای مێتا ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بە ئەنجامە سەرەتاییەکان دەربڕیوە، دەتوانێت وەڵامی تۆمەتەکان بداتەوە و ڕێکاری پێویست بگرێتە بەر پێش ئەوەی کۆمیسیۆن بڕیاری کۆتایی بدات .پێشێلکردنی یاسای DSA دەکرێت ببێتە هۆی سەپاندنی سزای دارایی بە بڕی ٦٪  ی کۆی داهاتی ساڵانەی جیهانیی کۆمپانیاکە.

ئەم هەنگاوەی یەکێتی ئەوروپا لە کاتێکدایە کە نیگەرانییە جیهانییەکان سەبارەت بە کاریگەریی سۆشیاڵ میدیا لەسەر منداڵان، بازرگانییەکان و حکومەتەکان لە زیادبووندایە، ئەمەش وایکردووە داوا لە کۆمپانیا زەبەلاحەکان بکرێت چالاکتر بن و ڕێکاری کاریگەرتر بگرنە بەر.

چاودێری تەکنەلۆژیای یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاندووە کە مێتا کاری پێویستی نەکردووە بۆ جێبەجێکردنی سنووردارکردنەکانی سەر منداڵانی خوار ١٣ ساڵ، و ئەو ڕێکارانەی بۆ ناسینەوە و سڕینەوەیان پەیڕەو دەکرێن ناتەواون، ئاماژە بەوەش کراوە کە ١٠٪ بۆ ١٢٪ ی منداڵانی خوار ١٣ ساڵ لە ئەوروپا فەیسبووک و ئینستاگرام بەکاردەهێنن.
هێنا ڤیرکونێن بەرپرسی تەکنەلۆژیای یەکێتی ئەوروپا دەڵێت:
 "دۆزینەوە سەرەتاییەکانمان نیشانی دەدەن کە ئینستاگرام و فەیسبووک زۆر کەم تەرخان دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە منداڵانی خوار تەمەن ١٣ ساڵ لە بەکارهێنانی خزمەتگوزارییەکانیان."

لە وەڵامدا مێتا دەڵێت ڕێکاری پێویستیان هەیە بۆ دۆزینەوە و سڕینەوەی هەژمارەکانی منداڵانی خوار تەمەن ١٣ ساڵ و هەفتەی داهاتوو ڕێکاری زیاتر ڕادەگەیەنن. وتەبێژێکی مێتا وتی: "تێگەیشتن لە تەمەنی بەکارهێنەر ئاڵنگاریێکی گشتگیرە لەسەر ئاستی پیشەسازییەکە و پێویستی بە چارەسەری بەکۆمەڵ هەیە."

کۆمیسیۆن جەختی کردەوە کە دەبێت هەردوو پلاتفۆرمەکە میتۆدی هەڵسەنگاندنی مەترسییەکانیان بگۆڕن و ڕێکارەکانیان بۆ ڕێگریکردن و سڕینەوەی منداڵان بەهێزتر بکەن. ئەگەر ڕێکخەران هەست بکەن هەوڵەکان هێشتا بەس نین، دەتوانن سزای دارایی بسەپێنن، هەرچەندە ئەو هەنگاوە ڕەنگە چەندین مانگی تری پێ بچێت.