وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان مامەڵەی دراوە دیجیتاڵییەکان و فۆڕێکس قەدەخە دەکات

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەهۆی ئەوەی هیچ کۆمپانیایەکی دراوە دیجیتاڵییەکان و فۆڕێکس مۆڵەتی فەرمیی لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ نییە، بۆیە هەموو مامەڵەیەک بەو دراوانە قەدەخە دەکەن.

ئایار 3, 2026 - 14:49
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان مامەڵەی دراوە دیجیتاڵییەکان و فۆڕێکس قەدەخە دەکات

ڕاگەیــەندراوێک لە وەزارەتی ناوخــۆوە

ئاگاداری هاووڵاتییانی ئازیز دەکەینەوە، کە لەبەر ڕۆشنایی ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، وە بەهۆی نەبوونی چوارچێوەیەکی یاسایی کە ماف و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییان بپارێزێت؛ لەبەرئەوەی هیچ کۆمپانیایەک لە بواری دراوە ئەلیکترۆنییەکان وەک (USDT) و بازرگانیی فۆڕێکس لە هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدڕاڵ مۆڵەتی فەرمیی نییە.

بەپێی یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکان، هەموو جۆرە مامەڵەیەک لەم بوارانەدا قەدەغەیە، بۆیە هەر کەس و گروپێک لەژێر ناوی کۆمپانیادا لەم بوارەدا کار بکات، شوێنەکەی دادەخرێت و ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە.

داوا لە هاووڵاتییان دەکەین بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان لەم جۆرە مامەڵانە دوور بکەونەوە، وە هەر کەسێک مافێکی لای ئەو لایەنانە هەیە کە پێشتر ئەم کارانەیان کردووە، با هەوڵی وەرگرتنەوەی بدات.

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان

٣ـی ئایاری ٢٠٢٦