گووگڵ ئەندرۆید ١٧ی ڕاگەیاند
ئەمڕۆ، ١٢ی ئایاری ٢٠٢٦
گووگڵ بە فەرمی پەردەی لەسەر وەشانی نوێی سیستمەمی Android 17 لادا، ئەم وەشانە تەنها نوێکردنەوەیەکی سادە نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە کە تێیدا سیستمەکە لە "نەرمەواڵەیەکی کارپێکردن"ەوە دەگۆڕێت بۆ سیستەمێکی ژیریی دەستکرد.
لە ئەندرۆید ١٧دا، ژیری دەستکردی Gemini بە تەواوی تێکەڵی ناو کرۆکی سیستمەکە بووە، گرنگترین تایبەتمەندی "کرداری نێوان ئەپەکانە"؛ بۆ نموونە دەتوانیت بە مۆبایلەکەت بڵێیت "ئەو وێنەیەی دوێنێ لە بازاڕ گرتم بۆ هاوڕێکانم بنێرە"، سیستمەکە خۆی وێنەکە دەدۆزێتەوە، ئەپی نامە ناردن دەکاتەوە و بۆیان دەنێرێت. هەروەها تایبەتمەندی Smart Fill زیادکراوە کە دەتوانێت فۆرمە ئاڵۆزەکان و تکتی گەشتەکان بە شێوەیەکی خۆکار پڕ بکاتەوە بە پشتبەستن بەو زانیارییانەی لە ئیمەیڵ یان نامەکانتدا هەن.
گووگڵ لەم وەشانەدا گرنگییەکی زۆری بە پاراستنی بەکارهێنەران داوە. تایبەتمەندی Live Threat Detection بە کاتی ڕاستەقینە چاودێری ئەپەکان دەکات و ئەگەر هەست بە هەر هەوڵێکی دزینی زانیاری بکات، ڕاستەوخۆ دەوەستێنرێت، هەروەها سیستمێکی نوێ بۆ ڕێگری لە فێڵە تەلەفۆنییەکان (Scam Detection) زیاد کراوە کە لە کاتی پەیوەندیدا دەنگی کەسی بەرامبەر ش شی دەکاتەوە و ئەگەر گومانی فێڵی لێبکرێت، ئاگاداریت دەداتەوە، تایبەتمەندی Native App Lockیش ڕێگەت پێدەدات هەر ئەپێک کە بتەوێت بە پەنجەمۆر قفڵ بکەیت بێ ئەوەی پێویستت بە هیچ بەرنامەیەکی دەرەکی بێت.
لە ڕووی ڕووکارەوە، ئەندرۆید ١٧ شێوازی Material 3 Expressive بەکاردەهێنێت کە ئەنیمەیشنەکان زۆر نەرمتر و زیندووتر دەکات، یەکێک لە هەواڵە خۆشەکان بۆ بەکارهێنەرانی ئینستاگرام ئەوەیە کە گووگڵ کارێکی هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای Meta کردووە بۆ ئەوەی کوالێتی وێنە و ڤیدیۆ لە ناو ئەپی ئینستاگرامدا هاوتای ئایفۆن بێت و تایبەتمەندییەکانی وەک Night Sight و HDR بە شێوەیەکی فەرمی پشتگیری لێ بکرێت، جیا لەمەش گووگڵ تەواویئیمۆجیەکان نوێ دەکاتەوە لە کە دیزاینێکی زیاتر 3D لەخۆدەگرن.
وەشانی تاقیکاری (Beta) بۆ گەشەپێدەران و بەکارهێنەرانی مۆبایلی Pixel لە ئەمڕۆوە بەردەستە، چاوەڕوان دەکرێت وەشانی کۆتایی و جێگیر (Stable Release) بۆ گشت بەکارهێنەران لە کۆتایی هاوین و سەرەتای پاییزدا بە شێوەیەکی فەرمی بڵاو بکرێتەوە، کە سەرەتا بۆ مۆبایلەکانی Pixel و دواتر بۆ Samsung و Xiaomi و کۆمپانیاکانی تر بەردەست دەبێت.