گۆڕانکارییە بنەڕەتیەکانی iOS 26.5
دوای ئەوەی لە پێگەکەمان ڕامان گەیاند، کە ئەپڵ وەشانی iOS 26.5ی بڵاوکردەوە دوای چەند مانگێک لە تاقیکردنەوەی بێتا، ئێستا بە وردی چەند تایبەتمەندییەکی دەخەینە ڕوو، چەند گۆڕانکارییەکی سوودبەخش هەن شایەنی باسن.
کۆدکردنەوە (E2EE) بۆ RCS
پشتگیریکردنی کۆدکردنی سەرتاپا (End-to-End Encryption) بۆ نامەکانی RCS لە نێوان ئایفۆن و ئامێرە ئەندرۆیدەکان لە وەشانی iOS 26.5 زیادکراوە، ئەمەش واتە ئەو نامانەی بۆ هاوڕێ ئەندرۆیدەکانتی دەنێریت ئێستا هەمان ئاستی پاراستنی iMessageیان دەبێت.
نامە کۆدکراوەکانی RCS لەسەر ئەو کۆمپانیایانەی پەیوەندی بەردەست دەبن کە پشتگیری دەکەن و بە تێپەڕبوونی کات گشتگیر دەبێت، بۆ کارکردنی ئەم تایبەتمەندییە، دەبێت هەردوو لایەنی ناردن و وەرگرتن کۆمپانیای پەیوەندییەکانیان پشتگیری نوێترین وەشانی RCS بکات.
RCS نەوەی نوێی نامەگۆڕینەوەی مۆبایلە کە SMSی کۆن دەگۆڕێت بۆ چاتێکی پێشکەوتوو، وەک واتسئەپ وایە، بەڵام ڕاستەوخۆ لەناو بەرنامەی نامەی مۆبایلەکەدا کاردەکات و ڕێگە دەدات بە ناردنی وێنەی ڕوون، ڤیدیۆ، و نامەی کۆدکراو لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە.
(Wallpaper) وێنەی سەر شاشە
وەشانی iOS 26.5 وێنەی سەر شاشەی نوێی ڕەنگاوڕەنگ بە ناوی Luminance تێدایە کە دەکرێت بە چەندین بژاردەی ڕەنگی جیاواز دەستکاری بکرێت.
بەرنامەی نەخشە (Maps App)
بەرنامەی نەخشە تایبەتمەندییەکی نوێی بە ناوی "Suggested Places" تێدایە کە پێشنیاری شوێن دەکات بۆ سەردانیکردن بەپێی گەڕانەکانی ئەم دواییەت و ئەو شوێنانەی لە دەوروبەرت باون، هەروەها ئەم وەشانە زەمینەسازی بۆ پیشاندانی ریکلام لە ناو بەرنامەکە کردووە، بەڵام ریکلامەکان هێشتا چالاک نەکراون.
گۆڕانکارییەکانی یەکێتی ئەوروپا
بۆ پابەندبوون بە یاسای بازاڕە دیجیتاڵییەکانی یەکێتی ئەوروپا (DMA)، ئەپڵ ڕێگە بە ئامێرەکانی کۆمپانیاکانی دیکە دەدات دەستیان بگات بەو تایبەتمەندییانەی پێشتر تەنها بۆ Apple Watch و AirPods سنووردار بوون:
(Proximity pairing): بیستۆکەکانی کۆمپانیاکانی دیکە دەتوانن بە هەمان شێوەی AirPods بە نزیککردنەوەیان لە ئایفۆن خێرا پەیوەست ببن.
ئاگادارکردنەوەکانی ئایفۆن: کاتژمێرە زیرەکەکانی دیکە دەتوانن ئاگادارکردنەوەکان (Notifications) وەربگرن و بەکارهێنەر دەتوانێت وەڵامیان بداتەوە (نەک تەنها خوێندنەوە). تێبینی: چالاککردنی ئەمە بۆ کاتژمێرێکی دەرەکی، ئاگادارکردنەوەکان لەسەر Apple Watch ڕادەگرێت، Live Activities: ئەم چالاکییانە ئێستا لەسەر ئامێرەکانی دەرەوەی ئەپڵیش پیشان دەدرێن، ئەم گۆڕانکارییانە تەنها بۆ بەکارهێنەرانی ناو یەکێتی ئەوروپایە.
گواستنەوە لە ئایفۆن بۆ ئەندرۆید
لە کاتی گۆڕینی مۆبایل لە ئایفۆنەوە بۆ ئەندرۆید، ڕێکخستنێکی نوێ زیادکراوە بۆ دیاریکردنی ئەوەی کام هاوپێچی نامەکان (Attachments) بگوازرێنەوە (هەمووی، هی ١ ساڵ، یان تەنها ٣٠ ڕۆژ).
تەختەکلیل (Keyboard Layout)
وەشانی iOS 26.5 پشتگیری لە ڕێکخستنی تەختەکلیلی زمانی (Inuktitut) دەکات.
چاکسازییە ئەمنییەکان
ئەم وەشانە چارەسەری زیاتر لە ٥٠ کەلێن و کێشەی ئەمنی (Vulnerabilities) دەکات، بۆیە باشترە زوو نوێی بکەیتەوە بۆ پاراستنی مۆبایلەکەت. هیچ کام لەم کێشانە تا ئێستا بۆ هاککردن بەکارنەهێنراون.