بە فەرمی گوگڵ وەشانی Wear OS 7 بۆ کاتژمێرە زیرەکەکان ڕاگەیاند

ئایار 20, 2026 - 13:28
ئایار 20, 2026 - 13:30
بە فەرمی گوگڵ وەشانی Wear OS 7 بۆ کاتژمێرە زیرەکەکان ڕاگەیاند

کۆمپانیای گوگڵ بە فەرمی نوێترین وەشانی سیستەمی بەکارخەری کاتژمێرە زیرەکەکانی بە ناوی Wear OS 7 ناساند، ئەم وەشانە نوێیە کۆمەڵێک تایبەتمەندی بەهێز و گۆڕانکاری بنەڕەتی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت کە ئەزموونی بەکارهێنانی کاتژمێرە زیرەکەکان دەباتە ئاستێکی بەرزتر، بەتایبەت لە ڕووی کارایی، زیرەکی دەستکرد، و تەمەنی پاترییەوە.

لێرەدا گرنگترین ئەو گۆڕانکاری و تایبەتمەندییە نوێیانە دەخەینە ڕوو کە لە Wear OS 7-دا جێگیرکراون:

١. زیادکردنی زیرەکی دەستکردی Gemini
لە گرنگترین نوێکارییەکانی ئەم وەشانە، هێنانەناوەوەی زیرەکی دەستکردی Geminiیە بۆ سەر کاتژێرە زیرەکەکان، بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵدا، ئەم تایبەتمەندییە بۆ چەند کاتژمێرێکی دیاریکراو بەردەست بکرێت، کە ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات بە شێوازێکی زیرەکتر و خێراتر وەڵامی پرسیارەکانیان وەربگرنەوە و کارەکانیان ڕێکبخەن.

٢. باشتربوونی تەمەنی پاتری
گوگڵ لەم وەشانەدا گرنگییەکی زۆری بە لایەنی وزە داوە؛ بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، Wear OS 7 دەبێتە هۆی باشتربوونی تەمەنی پاتری کاتژێرەکان تا ١٠٪، ئەمەش کێشەی زوو دابەزینی شەحنی کاتژێرەکان تا ڕادەیەکی باش کەم دەکاتەوە.

٣. نوێکاریی ڕاستەوخۆ (Live Updates)
تایبەتمەندییەکی نوێی بەسوود کە ڕێگەت پێدەدات لەسەر شاشەی کاتژێرەکەت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ چاودێری دۆخی گەیاندنی داواکارییەکان (کڕینی سەرئۆنلاین)، کاتی گەشتە ئاسمانییەکان، چالاکییە وەرزشییەکان و چەندین زانیاری تر بکەیت بەبێ پێویستی بە کردنەوەی ئەپەکان.

٤. وێدجێتی نوێ بە شێوازی ئەندرۆید
دیزاینی وێدجێتەکان (Tiles) گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و ئێستا زیاتر هاوشێوەی شێوازی ئەندرۆیدی مۆبایلەکانن، ئەمەش پێدانی زانیاری و گەیشتن بە بەشە جیاوازەکانی کاتژێرەکەت ئاسانتر و جوانتر دەکات.

٥. کۆنترۆڵی باشتر بۆ میدیا و دەنگ
سیستەمە نوێیەکە ئاسانکارییەکی زۆر دەکات لە گۆڕینی دەنگ و کۆنترۆڵکردنی بەشە جیاوازەکانی میدیا (وەک مۆسیقا و ڤیدیۆ) کە لە ڕێگەی مۆبایل یان کاتژێرەکەوە لێدەدرێن.

٦. پەرەپێدانی بەدواداچوونی چالاکییە وەرزشییەکان
بۆ ئارەزوومەندانی وەرزش، ئەزموونی بەدواداچوونی چالاکییە وەرزشییەکان و تەندروستی بە شێوەیەکی بەرچاو باشترکراوە، بە جۆرێک داتا و زانیارییەکان وردتر و خێراتر تۆمار دەکرێن.

گوگڵ ئاماژەی بەوە کردووە کە وەشانەکە قۆناغ بە قۆناغ بۆ کاتژمێرە پاڵپشتیکراوەکان ڕەوانە دەکرێت، و تایبەتمەندییە پێشکەوتووەکانی وەک Gemini لە کۆتایی ئەمساڵدا چالاک دەبن.