ئینستاگرام تایبەتمەندییەکی نوێی ڕادەگەیەنێت

ئایار 21, 2026 - 19:33
ئایار 21, 2026 - 19:34
ئینستاگرام تایبەتمەندییەکی نوێی ڕادەگەیەنێت

کۆمپانیای مێتا (Meta) بە فەرمی تایبەتمەندییەکی نوێی بۆ بەکارهێنەرانی ئینستاگرام ڕاگەیاند بە ناوی Instants (ئینستانتس)، ئەم بەشە نوێیە لە ناو بەشی نامەکاندا (DMs) وەک کۆمەڵە وێنەیەکی بچووک دەرکەوتووە.

گرنگترین زانیارییەکان لەسەر Instants:

وێنەی کتوپڕ و کاتی: وێنەکان تەنها یەکجار دەبینرێن و دوای کردنەوەیان یان دوای ٢٤ کاتژمێر بە تەواوی دەسڕێنەوە.

بێ فلتەر: وێنەکان دەستبەجێ دەگیرێن و هیچ ئامرازێکی دەستکاری یان فلتەریان تێدا نییە بۆ ئەوەی ژیانی ڕاستەقینەی بەکارهێنەر نیشان بدەن.

پاراستنی نهێنی: وەرگر ناتوانێت "سکریت شۆت" (Screenshot) یان تۆماری شاشە بۆ وێنەکە بکات.

زۆرێک لە بەکارهێنەران لەم چەند ڕۆژەدا بە هەڵە وێنەی خۆیان بڵاوکردۆتەوە، چونکە بە شێوەی پێشوەختە (Default) ڕێکخستنی ناردنەکە لەسەر "Friends" دانراوە، بەمەش هەر کاتێک کلیك لەسەر دوگمەی وێنەگرتنەکە بکەیت، دەستبەجێ و بێ پرسیارکردن وێنەکە بۆ هەموو هاوڕێکانت بڵاودەبێتەوە.