"لۆستکیز".. پرۆگرامی سیخوڕی نوێی ڕوسی

ئامانجی حکومەتان و ڕۆژنامەنووسانی ڕۆژئاوایە خەڵاتی ١٠ ملیۆن دۆلار بۆ ئەوەی زانیاری لەسەر تیمەکەی بدات

ئارەی 12, 2025 - 11:44
"لۆستکیز".. پرۆگرامی سیخوڕی نوێی ڕوسی

کۆمپانیای گووگڵ پەردەی لەسەر ئامرازێکی نوێی سیخوڕی سایبەری لاداوە کە بە ناوی "LostKeys" ناسراوە، گوتی ئێستا لەلایەن گروپێکی هاکەری ڕوسیاوە بەکاردەهێنرێت کە بە ناوی COLDRIVER ناسراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی تیمی هەواڵگری هەڕەشەکانی سەر بە "گووگڵ" (GTIG)، پرۆگرامەکە بۆ یەکەم جار لە مانگی ژانویەی ڕابردوو تۆمارکراوە، کە لە کرداری سیخوڕی ئەلیکترۆنی ئاڵۆزدا بەکارهێنراوە کە ئامانجی حکومەتانی ڕۆژئاوا و ڕۆژنامەنووسان و ناوەندەکانی توێژینەوە و ڕێکخراوە ناحکومییەکانە، بەپێی ڕاپۆرتێک کە ماڵپەڕی "androidheadlines" بڵاویکردۆتەوە و "العربیة Business" بینیویەتی.

COLDRIVER پرۆگرامی LostKeys لە نێو هێرشە دیجیتاڵییەکاندا بەکاردەهێنێت کە بە ناوی "ClickFix" ناسراوە، کە بە شێوەیەکی بەرچاو پشت بە ئەندازیاری کۆمەڵایەتی دەبەستێت بۆ فێڵکردن لە قوربانییەکان و جێبەجێکردنی سکریپتی PowerShell گومانلێکراو، کە دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ داگرتنی پرۆگرامی زیانبەخشی زیاتر.

"LostKeys" وەک "گسکی دیجیتاڵی" وەسف دەکرێت کە فایلی دیاریکراو لە ئامێرەکانی قوربانییان دەردەهێنێت، لەوانە دۆکیومێنت و داتای نووسراو بە زمانی Visual Basic Script، پاشان بۆ هێرشبەرەکانی دەنێرێت. هەروەها زانیاری سیستەم کۆدەکاتەوە و فەرمان لە دوورەوە جێبەجێ دەکات.

گروپی COLDRIVER، کە هەروەها بە ناوی Star Blizzard و Callisto Group ناسراوە، لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە چالاکە، و تۆمەتبار دەکرێت بە ئەنجامدانی کرداری هاککردن کە ئامانجی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوەندە حکومییەکان و ڕێکخراوە نابازرگانییەکان لە ڕۆژئاوادایە.

پێشتر دەزگاکانی هەواڵگری ڕۆژئاوا، لەوانە شانشینی یەکگرتوو و ئەندامانی هاوپەیمانێتی "پێنج چاو"، جەختیان کردۆتەوە کە گروپەکە بە ڕێنمایی ڕاستەوخۆی دەزگای ئاسایشی فیدراڵی ڕوسیا (FSB) کار دەکات.

سزای ئەمریکی و خەڵاتێک بە بەهای ملیۆنان دۆلار

لە سایەی زیادبوونی چالاکی گروپەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سزای خستۆتە سەر دوو کەس لە ئەندامانی COLDRIVER، کە یەکێکیان پێدەچێت ئەفسەر بێت لە دەزگای FSB.

هەروەها ڕایگەیاند کە خەڵاتێک بە بەهای تا ١٠ ملیۆن دۆلار دەدات بە هەر کەسێک زانیاری پێشکەش بکات کە یارمەتیدەر بێت لە دەستنیشانکردنی ناسنامەی ئەندامانی تری گروپەکە یان دەستگیرکردنیان.​​​​​​​​​​​​​​​​