تایبەتمەندییە ناوازەکەی iOS 27 بۆ ئەپی Apple Wallet ئاشکرا بوو
تەنها یەک هەفتەی ماوە بۆ ناساندنی سیستەمی iOS 27 لە کۆنگرەی . WWDC ڕاپۆرتێکی نوێ کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، تایبەتمەندییەکی تری نێو ئەم ئەپدێیتە ئاشکرا دەکات: توانای دابەشکردنی پارەی پسوولەکان (پسوولەی چێشتخانە و کڕین) لە ئەپی Apple Wallet تەنها لە ڕێگەی گرتنی وێنەیەکی پسوولەکەوە.
سیستەمی : iOS 27 تایبەتمەندی نوێ بۆ Apple Wallet
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی بلۆمبێرگ (Bloomberg)، ئەم تایبەتمەندییە نوێیەی iOS 27 ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات وێنەی پسوولەیەک بگرن، پاشان بڕگە و تێچووی شتومەکەکان بۆ کەسە جیاوازەکان دیاری بکەن. دواتر تایبەتمەندییەکە دەتوانێت داواکاریی پارەدان (Payment Requests) دروست بکات، بەمەش ڕێگە بە هەر کەسێک دەدات تەنها بەشە پارەی خۆی بدات.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەم تایبەتمەندییە بەستراوەتەوە بە خزمەتگوزاری Apple Cash، کە خزمەتگوزارییەکی ئەپڵە بۆ ناردنی پارە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر هاوشێوەی ئەپی .Venmo بەکارهێنەران دەتوانن لە ناو ئەپی Wallet یان ئەپی Messages لە سیستەمی iOS 27دا ئەم تایبەتمەندییە بدۆزنەوە. هەروەها ئەم سیستمە لەگەڵ کاتژمێری زیرەکی ئەپڵ (Apple Watch) هاوتا دەکرێت.
کۆمپانیای ئەپڵ پلان دادەنێت بۆ ڕەخساندنی خزمەتگوزارییەکی نوێ لە ئایفۆندا کە ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات پارەی پسوولەی ژەمە نانخواردنە بەکۆمەڵەکان یان بۆنەکانی تر دابەش بکەن، بەمەش هەنگاوەکانی خۆی لە بواری ئامرازە داراییەکانی ڕۆژانەدا فراوانتر دەکات و کێبڕکێی ئەپەکانی دەرەوەی ئەپڵ دەکات.
بەپێی زانیاریی ئەو کەسانەی لە پلانەکە ئاگادارن، ئەم ئامرازە ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات وێنەی پسوولەیەک بگرن، بابەتەکان بۆ کەسە جیاوازەکان دیاری بکەن و داواکاریی پارەدان بنێرن. هەروەها ئامرازە نوێیەکە دەتوانێت بەشە پارەی هەر کەسێک بە وردی حیساب بکات، بە تێچووی شتومەکەکان، باج (Tax) و بەخشیش (Tip)ـەوە.
ئەمە لانی کەم دووەم تایبەتمەندییە کە دەنگۆی لەسەر بێت بۆ ئەپی Apple Wallet لە سیستەمی iOS 27دا. پێشتر دزەپێکردنێکی تر ئاشکرای کردبوو کە ئەپی Wallet تایبەتمەندیی گۆڕینی کارتە فیزیکی و کاغەزییەکان بۆ کارتی دیجیتاڵی تێدا زیاد دەکرێت. بۆ نموونە، دەتوانیت وێنەی بارکۆدی کارتی بەشداریی هۆڵی وەرزشییەکەت بگریت و وەشانێکی دیجیتاڵی لێ دروست بکەیت بۆ ئەوەی لە ناو Apple Walletـدا پاشەکەوتی بکەیت.