مێتا تایبەتمەندیی "AI Mode" لە فەیسبووک ڕادەگەیەنێت؛ میکانیزمێکی نوێ بۆ گەڕان و داڕشتنەوەی وەڵامەکان
کۆمپانیای مێتا تایبەتمەندیی AI Mode ی ڕاگەیاند؛ ئێستا دەتوانیت بە زمانی سادە پرسیار بکەیت و وەڵامێکی ئامادەکراو لە پۆستە گشتییەکان، گرووپەکان و ڕیلزەکان (Reels) وەربگریت. ئەمە دوای ئەوە دێت کە مانگی ڕابردوو ئەپی "Forum"ی هاوشێوەی ڕێدیتی ڕاگەیاند، کە بە هەمان شێوە تابی "Ask"ی تێدایە بۆ کورتکردنەوەی قسەی ناو گرووپەکان.
هەردوو تایبەتمەندییەکە نیگەرانییان دروست کردووە سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی زانیاریی هەڵە، چونکە زیرەکیی دەستکردەکە ناوەرۆکی بەکارهێنەرانی ئاسایی پوخت دەکاتەوە نەک سەرچاوەی متمانەپێکراو.
ئامرازە نوێیەکانی مێتا ڕێگە بە بەکارهێنەر دەدەن لە ڕێگەی ژیریی دەستکردەوە مۆنتاژی ڤیدیۆکانیان بکەن (بڕینی کۆلاژ و جوڵەی گواستنەوە)، لەگەڵ گۆڕینی شێوازی دەرکەوتنی خۆیان لە وێنەکاندا، وەک گۆڕینی جلوبەرگ، قژ و ئێکسسوارات بە شێوازێکی دیجیتاڵی. ئەم خزمەتگوزارییە نوێیانە هاوشانی چەند ئامرازێکی تری پێشوون کە مێتا بڵاوی کردبوونەوە؛ لەوانە وێنەی پڕۆفایلی جوڵاو، وەڵامدانەوەی خۆکاری نامەکان لە Marketplace، و یاریدەدەرێکی تایبەت بە دروستکەرانی ناوەرۆک بۆ پێشکەشکردنی پێشنیاری گونجاو.
ئامانجی سەرەکیی مێتا ئەوەیە بەکارهێنەران کاتێکی زیاتر لەسەر سەکۆکانی بەسەر ببەن و لە هەمان کاتدا سەرچاوەی داهاتەکانی زیاد بکات. کۆمپانیاکە ئێستا پلانی بەشداریکردنی جیهانی بۆ فەیسبووک، ئینستاگرام و واتسئاپ کارا کردووە و لە داهاتووشدا چەندین پلانی تری پارەدار و تایبەت بە خزمەتگوزارییەکانی ژیریی دەستکرد (AI) دەخاتە ڕوو.