ئەپڵ یەکەم نەوەی Apple Watch Ultra بە تەواوی پشتگوێ دەخات
کۆمپانیای ئەپڵ بڕیاریدا لە پایزی ئەمساڵدا نوێکردنەوەی watchOS 27 بۆ یەکەم نەوەی Apple Watch Ultra (کە لە ساڵی ٢٠٢٢ بە نرخی ٨٠٠ دۆلار ڕاگەیەندرا) نەنێرێت. ئەم بڕیارە کاتژمێرەکانی نەوەی ٦ تا ٨ و SE 2ـیش دەگرێتەوە و بە فەرمی لە کاروانی نوێکردنەوەکان جێدەمێنن. هۆکاری سەرەکیی ئەم بڕیارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە چیپە کۆنەکان خاوەنی ناووکی لێکدانەوەی دەماری (Neural Processing Cores)نین. تەنها کاتژمێری Apple Watch Series 9 و مۆدێلە نوێترەکان کە چیپی S9 SiP یان بەرزتریان تێدایە، پڕۆسێسەرێکی دەماریی ٤ ناووکییان هەیە؛ ئەمەش هەمان ئەو پێداویستییە سەرەکییەیە کە بۆ کارپێکردنی تایبەتمەندییە نوێیەکانی ژیریی دەستکرد و سیستەمی هۆشیاریی سیری (Siri) پێویستە.
خاوەنانی یەکەم نەوەی Apple Watch Ultra نەک تەنها لە تایبەتمەندییە پێشکەوتووەکانی ژیریی دەستکرد (AI) بێبەش دەبن، بەڵکو گۆڕانکارییە گشتییەکانی watchOS 27ـیش نایانگرێتەوە؛ وەک باشترکردنی تەمەنی پاتری، خێراکردنی پەیوەندی وایفای، چاودێریکردنی وردتری دۆخی خەو و ڕووکاری نوێی کاتژمێرەکە بە ناوی "Modular". جێی ئاماژەیە ئەم مۆدێلە پێشتریش لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی watchOS 26 بێبەش کرابوو، وەک ئاگادارکردنەوەی بەرزبوونی پەستانی خوێن و وەرگێڕانی ڕاستەوخۆی نامەکان.