کۆمپانیای OpenAI بەرپرسی پڕۆژەی Apple Vision Pro و چاویلکە زیرەکەکانی ئەپڵ بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت
لە هەنگاوێکی نوێدا، OpenAI پۆڵ مێدی بۆ لای خۆی گواستەوە، کە پێشتر جێگری سەرۆک و بەرپرسی ئەندازیاریی ڕەقەکاڵای پڕۆژەی Vision Pro و چاویلکە زیرەکەکانی ئەپڵ بوو. مێد، کە پێشتر لە ساڵانی ٢٠١٠ و ٢٠١٢دا بەڕێوەبەری پڕۆگرامی iPad و iPhone بووە، بڕیارە لە بەشی ڕەقەکاڵایOpenAI دەستبەکاربێت بۆ پەرەپێدانی نەوەی نوێی ئەو ئامێرانەی کە بە ژیریی دەستکرد (AI) کار دەکەن. ئەم گواستنەوەیە بەشێکە لە ستراتیژی بەردەوامی OpenAI بۆ ڕاکێشانی ئەندازیار و دیزاینەرانی ئەپڵ. ئەم پڕۆسەیەش دوای ئەوە خێراتر بوو کە ساڵی ڕابردوو کۆمپانیاکە هاوبەشیی لەگەڵ جۆنی ئایڤ (دیزاینەری ناوداری پێشووی ئەپڵ) ڕاگەیاند بۆ دامەزراندنی کۆمپانیای سەربەخۆی "io"
بڕیاری جێهێشتنی ئەپڵ لەلایەن پۆڵ مێدەوە، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەو شڵەژانە کارگێڕییە ناوخۆییانەوە هەیە کە دوای دەستنیشانکردنی جۆن تێرنوس وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری داهاتووی ئەپڵ (CEO) سەریهەڵدا. دوای ئەم گۆڕانکارییە، جۆنی سرۆجی بووە بەرپرسی یەکەمی ڕەقەکاڵای ئەپڵ و دەستکاری پێکهاتەی کارگێڕیی بەشەکەی کرد، بەجۆرێک پێگەی مێد و چەندین جێگری دیکەی سەرۆک نزمکرایەوە و خرانە ژێر دەسەڵاتی تۆم ماریب. ئەم شێوازی ڕاپۆرتکردنە ناڕاستەوخۆیە ناڕەزایەتی لای بەشێک لە بەڕێوەبەرە باڵاکان دروستکرد و وای لە مێد کرد بڕیاری جێهێشتنی کۆمپانیاکە بدات.