بڵاوبوونەوەی XChat ؛ نامەبەرە سەربەخۆ و ئەمنییەکەی کۆمپانیای ئێکس

تشرینی یەکە 1, 2026 - 10:49
تشرینی یەکە 1, 2026 - 10:50
بڵاوبوونەوەی XChat ؛ نامەبەرە سەربەخۆ و ئەمنییەکەی کۆمپانیای ئێکس

ئەپڵیکەیشنی نامەبەری XChat بۆ بەکارهێنەرانی ئەندرۆید بەردەست کرا؛ بەرنامەیەکی سەربەخۆ لە ئەپی سەرەکیی ئێکس (X) کە بڕیارە ئەزموونێکی جیاواز بۆ چات، پەیوەندی و ناردنی فایل دابین بکات.

بەپێی ڕاگەیاندراوی ئێکس، ئەم ئەپە نوێیە بە تەواوی پشتیوانی لە کۆدکردنی سەرانسەری(End-to-End Encryption)  دەکات. ئەمەش واتە گفتوگۆ و پەیوەندییەکانت ئەوەندە پارێزراون، کە تەنها خۆت و کەسی بەرامبەر دەتوانن بیبینن و هیچ لایەنێکی تر ناتوانێت دەستی پێیان بگات..

لە پاڵ سیستمی پاراستنی بەهێزیدا،XChat  کۆمەڵێک خزمەتگوزاری بەکارهێنانی پێویست دابین دەکات؛ لەوانە ئەنجامدانی پەیوەندی دەنگی و ڤیدیۆیی، دروستکردنی گرووپ و ناردنی نامەی کاتی کە دوای ماوەیەکی دیاریکراو خۆیان دەسڕنەوە. هاوکات بەکارهێنەران دەتوانن بۆ پاراستنی زیاتر، قفڵ و پاسوۆرد بخەنە سەر گفتوگۆ هەستیارەکانیان.

یەکێکی تر لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی XChat، توانای ناردنی فایلە قەبارە گەورەکانە تا سەقفی ٢ گێگابایت؛ تایبەتمەندییەک کە دەتوانێت ئەم بەرنامەیە بکاتە ڕکابەرێکی بەهێز بۆ ئەو بەکارهێنەرانەی کە جیا لە چاتی ڕۆژانە، پێویستیان بە گواستنەوەی فایل بە کوالێتی بەرز هەیە.

لە ڕاستیدا ئێکس بە بڵاوکردنەوەی XChat بۆ ئەندرۆید، هەوڵ دەدات بچێتە ناو ڕکابەرییەکی توندترەوە لەگەڵ نامەبەرەکانی وەک تێلێگرام، واتسئەپ و سیگناڵ؛ ڕکابەرییەک کە تێیدا ئاسایش، پەیوەندی کوالێتی بەرز و تایبەتمەندییە بەسوودەکان ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن.