شۆڕشێکی نوێ لە واتسئەپ؛ ئیتر بێ ژمارەی مۆبایل چات بکە!

تشرینی یەکە 1, 2026 - 10:11
تشرینی یەکە 1, 2026 - 10:13
شۆڕشێکی نوێ لە واتسئەپ؛ ئیتر بێ ژمارەی مۆبایل چات بکە!

دواجار واتسئەپ تایبەتمەندی "ناوی بەکارهێنەر" (Username)ی کارا کرد. کۆمپانیای مێتا بە فەرمی ڕایگەیاند کە بەکارهێنەرانی واتسئەپ لەم هەفتەیەوە دەتوانن ناوی ناوازەی خۆیان تۆمار بکەن. ئەم هەنگاوە دوای ساڵانێک لە چاوەڕوانی دێت و ئامانج لێی ڕێگەپێدانی بەکارهێنەرانە بۆ پەیوەندیکردن و چاتکردن لەگەڵ یەکتردا، بەبێ ئەوەی پێویست بکات ژمارەی مۆبایلەکانیان ئاشکرا بکەن.بۆ سوودمەندبوون لەم تایبەتمەندییە، پێویستە سەرەتا واتسئەپەکەت نوێ بکەیتەوە. لە ئەندرۆید لە ڕێگەی ڕێکخستنەکانی ئەژمارەکەتەوە (Settings > Account) و لە ئایفۆنیش لە بەشی پڕۆفایلەکەتەوە دەتوانیت ناوی دڵخوازی خۆت بپارێزیت. لەبەر ئەوەی پڕۆسەکە بە شێوەیەکی پلەبەپلە جێبەجێ دەکرێت، ئەگەر بژاردەکەت لای خۆت نەبینی، بەو مانایەیە کە هێشتا بۆ ناوچەکەت یان ئەژمارەکەت کارا نەکراوە.

پێشتر بۆ چاتکردن لە واتسئەپ دەبوو ژمارەی یەکتر بزانن، ئەمەش لە ناو گرووپ و چاتی بازرگانیدا کێشە بوو بۆ پاراستنی تایبەتمەندێتی.(Privacy)  بەڵام لەمەودوا، هەرچەندە ژمارە بۆ هێشتنەوەی ئەژمارەکە گرنگە، بەڵام بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ خەڵکی پێویست ناکات ژمارەکەت هاوبەش بکەیت، تەنها ناوی بەکارهێنەرەکەت بەسە!

خاڵی گرنگ ئەوەیە کە ناوی بەکارهێنەر لە واتسئەپدا وەک تێلێگرام یان تۆڕە کۆمەڵایەتییە گشتییەکان دیزاین نەکراوە. واتسئەپ لیستێکی گشتی، پێشنیارکردنی ناوی بەکارهێنەر یان مەکینەیەکی گەڕانی ئازاد بۆ دۆزینەوەی کەسەکان دابین ناکات. بۆیە بۆ نامەناردن بۆ هەر کەسێک، پێویستە ناوی بەکارهێنەرەکەی بە تەواوی و دروستی بزانیت. ئەم بڕیارە بۆ ڕێگریکردن لە بێزارکردن، نامەی بێزارکەر (Spam) و دۆزینەوەی نەخوازراوی بەکارهێنەران دراوە.

بۆ دڵنیابوونەوە لە بەرزترین ئاستی پاراستن، واتسئەپ تایبەتمەندییەکی تری بە ناوی "کلیلی ناوی بەکارهێنەر" دابین کردووە. ئەم گۆڕانکارییە کە بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە کارا دەکرێت، ڕێگری دەکات لەوەی کەسێک تەنها بە زانینی ناوی بەکارهێنەرەکەت نامەت بۆ بنێرێت؛ چونکە لە کاتی ناردنی یەکەم نامەدا، داوای کۆدێکی نهێنیی کورت لە کەسی بەرامبەر دەکات. ئەم کۆدە وەک قفڵێکی ئەمنیی زیادە دەبێت بۆ پاراستنی ئەژمارەکەت لە هەر نامەیەکی نەخوازراو.