ستراتیژیی نوێی سامسۆنگ لە ئەمریکا: گواستنەوەی بارەگای سەرەکی بۆ تێکساس و گۆڕانکاری لە هێزی کاردا
کۆمپانیای سامسۆنگ ئامادەکاری دەکات بۆ گواستنەوەی بارەگای سەرەکیی خۆی لە ئەمریکا بۆ ویلایەتی تێکساس. بەپێی زانیارییەکان، ئەم بڕیارە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ٧٣٩ پۆستی کار لە ناوەندی پێشووی کۆمپانیاکە لە ویلایەتی نیوجێرسی دروست کردووە.
کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە کە بۆ پاراستنی هەلی کارەکانیان، پێشنیاری گواستنەوە بۆ تێکساس بە زۆربەی کارمەندەکان کراوە، بەڵام بەشێکی دیکەیان لەسەر کار لادراون؛ هاوکات نزیکەی ١٠٠ کارمەندی ئۆفیسەکەی تێکساسیش گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و دوورخراونەتەوە.
ئەم هەنگاوانەی سامسۆنگ لە کاتێکدا دێن کە بەشە جیاوازەکانی کۆمپانیاکە لە بارودۆخێکی یەکساندا نین؛ بە شێوەیەک بەشی چیپەکان بەهۆی گەشەسەندن و داواکاریی زۆر بۆ تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد (AI) قازانجێکی بەرزی تۆمارکردووە، لە بەرامبەردا بەشەکانی مۆبایل، تەلەفزیۆن و ئامێرە ماڵییەکان بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی چیپەکان و کێبڕکێی توندی کۆمپانیا چینییەکانی وەک TCL و Hisense، ڕووبەڕووی گرفت و تەحەدای گەورە بوونەتەوە.