ئەپڵ نرخی ئایفۆنی لە ژاپۆن بە ڕێژەی %١١ بەرزکردەوە
کۆمپانیای ئەپڵ بە فەرمی نرخی مۆدێلەکانی ئایفۆنی لە بازاڕەکانی ژاپۆندا زیاد کرد. ئەم هەنگاوەش دوای ئەوە دێت کە مانگی ڕابردوو هەمان کۆمپانیا نرخی کۆمپیوتەرەکانی ماک و ئایپادی لەسەر ئاستی جیهاندا گران کردبوو.
ئەو مۆدێلانەی نرخەکانیان بەرزبووەتەوە
بەپێی زانیارییەکان، ئەم گۆڕانکارییە لە فرۆشگای ئۆنلاینی ئەپڵ لە ژاپۆن تا نزیکەی %١١ بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە و ئەم مۆدێلانەی گرتووەتەوە:
- ئایفۆن ١٦
- ئایفۆن ١٧e
- ئایفۆن ١٧
- ئایفۆن ئێر (iPhone Air)
- ئایفۆن ١٧ پرۆ
- ئایفۆن ١٧ پرۆ ماکس
بۆ نموونە، نرخی ئایفۆن ١٧ پرۆ ماکس لە ١٩٤,٨٠٠ یەنەوە بەرزبووەتەوە بۆ ٢١٤,٨٠٠ یەن (کە دەکاتە %١٠.٣ زیادبوون و نزیکەی ١٢٠ دۆلاری ئەمریکییە).
کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی دیکە
سەرچاوەیەکی تایبەت بە کەی ئای تی ئێنی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەوەی ئایفۆنی تایبەت بە ئی-سیم (eSIM) بەڕێژەیەکی زۆر لە ژاپۆنەوە هاوردە دەکرێت، ئەم گرانبوونە کاریگەریی ڕاستەوخۆی دروستکردووە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئایفۆنی ئی-سیم لە بازاڕەکانی دوبەی.
هۆکاری گرانبوونەکە
هۆکاری سەرەکیی ئەم بڕیارەی ئەپڵ بۆ دابەزینی بەرچاوی بەهای دراوی یەنی ژاپۆنی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا دەگەڕێتەوە.
جێی ئاماژەیە کە ئەپڵ نرخی ئایفۆنی لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکە زیاد نەکردووە، بەڵام هاوکات نرخی بەشداری لە خزمەتگوزارییەکانی iCloud+ و Apple Music لە چەندین وڵاتدا بەرز کردووەتەوە.