هەولێر؛ 12 بەنزینخانە دەبنە ئەلیکترۆنی و هەوڵەکان بۆ چارەسەری قەیرانی بەنزین چڕ دەکرێنەوە
تەکنۆ نیوز - هەولێر
بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە لە 12 بەنزینخانەی دیاریکراوی پارێزگای هەولێر دابەشکردنی بەنزین دەبێتە ئەلیکترۆنی و هاووڵاتییان تەنیا بە پێشکەشکردنی کارتی ئەلیکترۆنی دەتوانن بەشە بەنزینەکەیان وەربگرن.
ئەم هەنگاوە تەکنەلۆژییە نوێیە ئامانج لێی کەمکردنەوەی جەنجاڵی و رێکخستنەوەی پڕۆسەی دابەشکردنی سووتەمەنییە. بەنزینخانە دیاریکراوەکانیش برێتین لە: (گەل، سیار، یاسەمین، کاریا، سێتاقان، هاوێنە هەوار، مۆدێرن ئینێرگی، قوشتەپە، وزە، دوو بەنزینخانەی سەن ئۆیل، و زیاد).
هاوكات مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی راسپارد بە زووترین کات چارەسەری قەیرانی بەنزین بکەن. لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا نرخی بەنزینی نۆرماڵی پاڵپشتیکراو بە 850 دینار بمێنێتەوە و داواش لە حکومەتی فیدراڵ کرا پشکی نەوتی خاوی هەرێم بۆ 126 هەزار و 750 بەرمیل زیاد بکات.