کواڵکۆم دوو پڕۆسێسەری نوێ ڕادەگەێنێت
کۆمپانیای کواڵکۆم پڕۆسێسەرەکانی Snapdragon 4 Gen 5 و 6 Gen 5ی ناساند، کە ئامانج لێیان بەرزکردنەوەی ئاستی مۆبایلە ئاست مامناوەند و هەرزانەکانە.
بەپێی دوایین هەواڵە تەکنەلۆژییەکان، کۆمپانیای کواڵکۆم لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ بەهێزکردنی مۆبایلە ئاست مام ناوەند و هەرزانەکان، دوو پڕۆسێسەری نوێی بە ناوی Snapdragon 4 Gen 5 و Snapdragon 6 Gen 5 ڕاگەیاند. ئەم پڕۆسێسەرانە بە تەکنەلۆژیای (4nm) دروستکراون و جەخت لەسەر خێرایی و کارایی پاتری دەکەنەوە.
لێرەدا پوختەی تایبەتمەندییەکانی هەر دوو پڕۆسێسەرەکە دەخەینە ڕوو:
- Snapdragon 4 Gen 5: شۆڕشێک بۆ مۆبایلە هەرزانەکان
ئەم پڕۆسێسەرە گۆڕانکارییەکی گەورە لە ئاستی گرافیک و یارییەکاندا دروست دەکات: - گرافیک (GPU): %77 باشتر بووە بەراورد بە نەوەی پێشوو.
- گیمینگ: بۆ یەکەمجار لەم زنجیرەیەدا، پشتگیری لە یارییەکان بە خێرایی 90 FPS دەکات.
- خێرایی کارکردن: کردنەوەی ئەپڵیکەیشنەکان %43 خێراتر بووە و لەرزینی شاشە (Stutter) بە ڕێژەی %25 کەمکراوەتەوە.
- پاتری و وزە: کارایی پاتری %10 باشتر بووە؛ دەتوانیت 1 کاتژمێر زیاتر ڤیدیۆ ببێنیت و 1.7 کاتژمێر زیاتر گوێ لە میوزیک بگریت.
- پەیوەندی: پشتگیری لە 5G Dual Active دەکات (چالاکبوونی دوو سیمکارت لە هەمان کاتدا لەسەر تۆڕی 5G).
Snapdragon 6 Gen 5: کارایی بەرز بۆ مۆبایلە مام ناوەندەکان
ئەم نەوەیە زیاتر جەخت لەسەر زیرەکی دەستکرد و پەیوەندییە خێراکان دەکاتەوە:
- گرافیک (GPU): %21 بەهێزتر بووە.
- خێرایی: کردنەوەی ئەپەکان %20 خێراتر بووە و لەرزینی شاشە %18 کەمبووەتەوە.
- پەیوەندییەکان: پشتگیری لە نەوەی نوێی Wi-Fi 7 و Bluetooth 6.0 دەکات، لەگەڵ تەکنەلۆژیای Qualcomm XPAN بۆ دەنگێکی بێ وایەری ناوازە.
- کامێرا: پشتگیری لە هەستەوەرەکانی کامێرا تا 200 مێگاپێکسڵ دەکات.
پێشبینی دەکرێت ئەم پڕۆسێسەرانە لە نیوەی دووەمی ساڵی 2026 لەسەر مۆبایلەکانی کۆمپانیاکانی وەک Oppo، Realme، Redmi و Honor بەردەست بن.