ئۆستڕالیا تویچ زیاد دەکات بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە لەسەر هەرزەکاران قەدەغەی دەکات
دەسەڵاتی چاودێری ئینتەرنێت لە ئۆستڕالیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە خزمەتگوزاری پەخشی ڕاستەوخۆی “تویچ”ی هی کۆمپانیای ئەمازۆن زیاد دەکات بۆ قەدەغەکردنێکی داهاتوو لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ گەنجان، بەڵام سەکۆی هاوبەشکردنی وێنەی “پینتەرێست” زیاد ناکات بۆ لیستەکە.
لە ١٠ی کانوونی یەکەمەوە، ئۆستڕالیا دەبێتە یەکەم وڵاتی جیهان کە کەسانی ١٦ ساڵ و خوارەوە ڕێگری لێدەکات لە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لەگەڵ سەپاندنی غەرامەی تا ٤٩.٥ ملیۆن دۆلاری ئۆستڕالی (٣٢ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی) لەسەر کۆمپانیاکان کە شکست بهێنن لە جێبەجێکردنی “هەنگاوە گونجاوەکان” بۆ گوێڕایەڵی.
کۆمیسەری سەلامەتی ئەلیکترۆنی ئۆستڕالیا گوتی “تویچ” بە خزمەتگوزاریی تۆڕی کۆمەڵایەتی دادەنرێت چونکە بە شێوەیەکی سەرەکی بەکاردێت بۆ پەخشی ڕاستەوخۆ و بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی کارلێکەر کە ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات پەیوەندی بە یەکتریەوە بکەن. سەکۆی تویچ پلانی هەیە هەموو هەژمارەکانی بەکارهێنەرانی ١٦ ساڵ و خوارەوە لە ٩ی کانوونی دووەمەوە ناچالاک بکات.
لەگەڵ ئەوەشدا، پینتەرێست زیاد ناکرێت بۆ لیستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. کۆمیسەری سەلامەتی ئەلیکترۆنی گوتی سەرەڕای ڕێگەدان بە هەندێک کارلێکی کۆمەڵایەتی، ئەمە مەبەستی سەرەکی نییە و بەکاردێت بۆ کۆکردنەوە و ڕێکخستنی وێنە و بیرۆکەکان.
پێشتر لەم مانگەدا، کۆمیسەر قەدەغەکردنەکەی فراوانتر کردەوە بۆ سەکۆکانی ڕێدیت و کیک. لە سەکۆ گەورەکانی تر فەیسبووک، ئینستاگرام، سریدز، سناپچات، تیکتۆک، ئێکس و یوتیوب شامڵن. کۆمیسەر گوتی هیچ هەڵسەنگاندنێکی تر ناکرێت پێش جێبەجێکردنی یاساکان لە ١٠ی کانوونی یەکەم.