DeepSeek ی چینی نرخەکانی بۆ مۆدێلە نوێیەکەی ژیریی دەستکرد بە ڕێژەیەکی بەرچاو دادەشکێنێت
ژیری دەستکردی DeepSeek ی چینی مۆدێلی V4-ی ڕاگەیاند و داشکاندنی ٧٥٪ی بۆ وەشانی Pro خستە ڕوو. ئەم مۆدێلە کە بۆ کارکردن لەسەر چیپەکانی هواوی گونجێنراوە، لە ڕووی کارایییەوە ڕکابەری Geminiـی گووگڵ دەکات و بە تایبەت بۆ ئەنجامدانی ئەرکە ئاڵۆزەکان لە ڕێگەی بریکارە زیرەکەکانەوە (AI Agents) پەرەی پێ دراوە.
کۆمپانیای DeepSeek ـی چینی بڕیاری دا داشکاندنی ٧٥٪ بۆ گەشەپێدەران دابین بکات لە بەکارهێنانی مۆدێلە نوێیەکەی بە ناوی DeepSeek-V4-Pro، کە ئەم دەرفەتە تاوەکو ٥ـی ئایار بەردەوام دەبێت.
کۆمپانیاکە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (X) ئاماژەی بەوە کردووە کە نرخی لە تەواوی خزمەتگوزارییەکانی (DeepSeek API) بۆ یەک لەسەر دە کەم کردووەتەوە.
ڕۆژی هەینی، دیپسیک وەشانی تاقیکاریی مۆدێلی V4 ـی ڕاگەیاند کە چاوەڕوانییەکی زۆری لێ دەکرا. ئەم مۆدێلە بە تایبەت بۆ کارکردن لەسەر تەکنەلۆژیای چیپەکانی کۆمپانیای هواوی (Huawei) گونجێنراوە و پەرەی پێ دراوە.
مۆدێلی V4 لە دوو وەشانی جیاواز پێکدێت: وەشانی Pro کە خاوەن توانایەکی بەرز و نرخێکی گرانترە، لەگەڵ وەشانی Flash کە نرخەکەی کەمترە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی دیپسیک، وەشانی Pro لە پێوەرەکانی زانیاریی جیهانیدا پێش هەموو مۆدێلە سەرچاوە-کراوەکانی (Open-source) دیکە کەوتووە و تەنیا لە دوای مۆدێلیGemini-Pro-3.1ـی گووگڵەوە دێت.
ئەم کۆمپانیا چینیە ڕوونیشی کردەوە کە مۆدێلەکانی V4 بە تایبەت بۆ (AI Agents) پەرەیان پێ دراوە؛ ئەمانە دەتوانن ئەرکی زۆر ئاڵۆزتر لە چاتبۆتە ئاساییەکان جێبەجێ بکەن، هەرچەندە پێویستییان بە هێزی پرۆسێس و توانای ژمێریاریی زیاتر هەیە.