مژدەیەک بۆ بەکارهێنەرانی ئەندرۆید
کۆمپانیای گۆگڵ بە فەرمی هاوبەشییەکی ستراتیژیی نوێی لەگەڵ کۆمپانیای مێتا (Meta) ڕاگەیاند، بە ئامانجی چاککردنی ئەپڵیکەیشنی ئینستاگرام لەسەر وەشانی داهاتووی سیستمەکە واتە ئەندرۆید ١٧ ئەم هەنگاوە کێشەی چەندین ساڵەی بەکارهێنەرانی ئەندرۆید لەگەڵ کوالێتی نزمبوونەوەی میدیا لەم ئەپەدا کۆتایی پێدەهێنێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکان، ئەم هاوبەشییە چەندین تایبەتمەندی ناوازە و گۆڕانکاری بنەڕەتی بەخۆیەوە دەبینێت:
کوالێتییەکی هاوتای ئایفۆن یان بەرزتر: ئەو ڤیدیۆیانەی بە مۆبایلە پێشەنگەکانی (Flagship) ئەندرۆید ١٧ دەگیرێن و لە ئینستاگرام بڵاودەکرێنەوە، کوالێتییان هاوشێوەی ئایفۆن یان تەنانەت باشتریش دەبێت.
پشتیوانیکردنی تەکنەلۆژیای Ultra HDR: بەکارهێنەران دەتوانن ڕاستەوخۆ بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی Ultra HDR وێنە بگرن و ڤیدیۆکان لێبدەنەوە.
سیستمی جێگیرکەری ناوەکی (Stabilisation): کاراکردنی جێگیرکەری ڤیدیۆ لەناو خودی ئەپەکەدا بۆ ڕێگریگرتن لە هەر لەرینەوە و شڵەژانێک لە کاتی تۆمارکردندا.
دۆخی شەو (Night Mode): زیادکردنی دۆخی شەو بۆ ناو کامێرای ئینستاگرام، بۆ گرتنی وێنە و ڤیدیۆی ڕوونتر لە شوێنە تاریکەکاندا.
گونجاندنی تەواو بۆ تابلێتەکان: ئەپڵیکەیشنەکە بە تەواوی بۆ شاشەی گەورەی تابلێتە ئەندرۆیدەکان ڕێکدەخرێت و دەگونجێنرێت.
پاراستنی ڕوونی لە کاتی بڵاوکردنەوەدا
یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی ئەم هاوبەشییە، ئەمەش دڵنیایی دەداتە بەکارهێنەران کە وێنە و ڤیدیۆکانیان دوای بڵاوکردنەوەیان لە ستۆری یان پۆست، بە تەواوی بە ڕوونی و ڕێکی و کواڵێتی خۆیان لە دەست نادەن و تووشی تێکچوون یان کەمبوونەوەی کوالێتی نابن.