ڕێککەوتنی ٢٠ ملیار دۆلاریی نێوان گوگڵ و ئەپڵ بۆ گەڕانی سافاری

ئایار 23, 2026 - 18:48
ئایار 23, 2026 - 18:58
ڕێککەوتنی ٢٠ ملیار دۆلاریی نێوان گوگڵ و ئەپڵ بۆ گەڕانی سافاری

گووگڵ بزوێنەری گەڕانی سەرەکی و دڵخوازە لە وێبگەڕی سافاری لەسەر ئامێرەکانی ئایفۆن، کۆمپانیای گوگڵ لە دادگای تێهەڵچوونەوەی تایبەت بە یاسای دژە متمانە (Antitrust) دژی وەزارەتی دادی ئەمریکا، پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ڕێککەوتنە ٢٠ ملیار دۆلارییەکەی لەگەڵ ئەپڵ بۆ هێشتنەوەی وەک بزوێنەری گەڕانی سەرەکی، «تەواو یاسایی و بێگەرد» بووە.

لە ئابی ٢٠٢٤دا، دادگا لەسەر داوایەکی یاسایی وەزارەتی دادی ئەمریکا دژی کۆمپانیای ئەلفابێت (کۆمپانیای دایکی گوگڵ)، بڕیاری دا کە گوگڵ لە بازاڕدا قۆرخکاری کردووە، دۆسیەکە لێکۆڵینەوەی لەو ڕێککەوتنە ٢٠ ملیار دۆلارییەی نێوان گووگڵ و ئەپڵ دەکرد کە بەپێی کات، گوگڵ دەبووە بزوێنەری گەڕانی سەرەکی لە وێبگەڕی سافاریدا.

لە ٢٢ی ئایاردا، گوگڵ تێهەڵچوونەوەی بۆ ئەو بڕیارە فیدراڵییانە تۆمار کرد کە تۆمەتباریان دەکرد بە قۆرخکاریی نایاسایی لە بواری گەڕان و ریکلامدا.

ئەو بەڵگەنامەیەی کە لەلایەن ئاژانسی ڕۆیتەرزەوە بڵاوکراوەتەوە چەندین لایەن دەگرێتەوە؛ لەوانە ئەوەی کە دادوەر (ئامیت مێهتا) لە بڕیارەکەی ساڵی ٢٠٢٤دا تووشی هەڵەی یاسایی بووە، گوگڵ پێی وانییە کە بەهۆی ئەم ڕێککەوتنەوە ڕێگەی لە ڕکابەرەکانی گرتبێت، بەڵکو دەڵێت ئەمە تەنها بڕیار و هەڵبژاردنی خودی کۆمپانیای ئەپڵ بووە.

له‌ بەڵگەنامەکەدا گوگڵ دەڵێت، چ دادگا پێی وابێت گوگڵ هێزی قۆرخکاری هەیە یان نا، کۆمپانیاکە «هیچ کارێکی نەکردووە» زیان بە پرۆسەی ڕکابەری بگەیەنێت، گوگڵ نە ڕێگەی لە ڕکابەرەکانی گرتووە کە پێشنیاری خۆیان پێشکەش بکەن، و نە ڕێگریشی لە ئەپڵ کردووە ئەگەر ویستبێتی بژاردەیەکی باشتر هەڵبژێرێت، هەروەها هاتووە کە هیچ بەڵگەیەک نییە نیشانی بدات کڕیارانی گوگڵ ڕوویان لە بزوێنەرێکی تری ڕکابەر دەکرد، تەنانەت ئەگەر ئەو ڕێککەوتنەش بوونی نەبووایە، تەنانەت ئاماژە بە دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکانی خودی ئەپڵ کراوە کە تێیدا هاتووە بزوێنەری «بینگ»ی ڕکابەری (سەر بە مایکرۆسۆفت) «کواڵێتی نزمە» و «لە بەدەستهێنانی داهاتی ڕیکلامدا زۆر لاوازە».

لە درێژەی بەڵگەنامەکەدا ڕوون کراوەتەوە کە ئەپڵ دەیتوانی پەرە بە بزوێنەرەکانی تری گەڕان بدات، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە سافاری لە بەشی ڕێکخستنەکانیدا (Settings) ناوی چەندین بژاردەی تری هێناوە، لە کۆتاییدا گوگڵ دەڵێت دادگا وا لە بابەتەکە تێگەیشتووە کە گوایە «قۆرخکاریی ڕەها» بووە، لە کاتێکدا ئەپڵ تەنها لەبەر «هۆکاری بازرگانیی دروست» ئەو بڕیارەی داوە، سەرەڕای ئەوەی گوگڵ توانیویەتی لە زیانە گەورەکانی ئەم داوا یاساییە ڕزگاری بێت، بەڵام هێشتا چەند خاڵێکی لەسەر شانە کە دەبێت جێبەجێیان بکات.

لە بڕیارەکەی دواتردا لە ئەیلوولی ٢٠٢٥، دادگا ڕایگەیاند کە پێویست ناکات گووگڵ سیستمی ئەندرۆید یان وێبگەڕی کرۆم بفرۆشێت؛ هەروەها ڕێگەی پێدرا بەردەوام بێت لە ڕێککەوتنە ٢٠ ملیار دۆلارییەکەی لەگەڵ ئەپڵ، بەڵام، بڕیار درا کە دەبێت گوگڵ داتاکانی گەڕانی خۆی لەگەڵ کۆمپانیا ڕکابەرەکانیدا هاوبەش بکات.

ئەم تێهەڵچوونەوەیەی ئێستای گوگڵ، هەوڵێکە بۆ پاشەکشەکردن لەم بڕیارە و ئەو سزایانەی تری کە بەسەریدا سەپێنراون، هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە کاریگەری لەسەر ڕێککەوتنی گەڕانی ئەپڵ نابێت، بەڵکو تەنها مەرجی بەشکردنی داتاکان بە تەواوی لادەبات.

بەشێکی تێهەڵچوونەوەکە باس لەوە دەکات کە چۆن ئەم بڕیارە بەسەر ئەو کۆمپانیا ڕکابەرانەدا دەسەپێنرێت کە بە بڕوای گووگڵ، نابێت وەک ڕکابەری ڕاستەوخۆ ئەژمار بکرێن؛ بە تایبەتی ئەو کۆمپانیایانەی تەنها لە بواری ژیریی دەستکرددا (AI) کار دەکەن.

بە بڕوای گووگڵ، دادگا ناچاری کردووە داتاکانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی وەک ئۆپن ئەی ئای (OpenAI)  کۆمپانیای گەشەپێدەری چات جی پی تی (ChatGPT) هاوبەش بکات، لە کاتێکدا ئەوان بزوێنەری گەڕانی گشتییان نییە، بەڵکو تەنها وەڵامگەلێک بە بەکارهێنەر دەدەن کە سەرچاوەکەیان لە ئەنجامەکانی گەڕانی ئاساییەوە وەرگیراوە.

هەروەها دەڵێت ستەمە ناچار بکرێت داتا بە ئۆپن ئەی ئای بدات وەک ڕکابەرێک، بەرهەمەکانی ژیریی دەستکردی داهێنەر (Generative AI) لەو سەردەمەدا بەو شێوەیە بوونیان نەبوو، بۆیە دادگا نەدەبوو لە کاتی دەرکردنی بڕیارەکەیدا چات جی پی تی و کۆمپانیا هاوشێوەکانی وەک ڕکابەر ئەژمار بکات.

گوگڵ ئاماژە بەوە دەکات کە کۆمپانیاکانی ژیریی دەستکرد لە ئێستاوە سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە، بێ ئەوەی پێویستیان بەوە بێت «خۆڕایی سوود لە سەرکەوتنەکانی گوگڵ وەربگرن». بۆیە پێی وایە بڕیاری هاوبەشکردنی داتا نابێت ئەو کۆمپانیایانەی ژیریی دەستکرد بگرێتەوە کە بزوێنەری گەڕانی گشتییان نییە.

تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، دادگا هیچ وەڵامێکی نەداوەتەوە و چاوپێکەوتنێکی تریشی لە دادگادا دیاری نەکردووە، بەپێی خشتەی دادگا، پێشبینی دەکرێت ئەم کەیسە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ یان تەنانەت تا ساڵی ٢٠٢٧ بەردەوام بێت.