ملیاردێرێکی کریپتۆ دەبێتە سەرکردەی یەکەم گەشتی مرۆیی کۆمپانیای SpaceX بۆ مەریخ
کۆمپانیای SpaceXـی سەر بە ئیلۆن مەسک، لە کاتی ئامادەکارییەکانی بۆ تاقیکردنەوەی موشەکی Starship V3، زانیارییەکی سەرنجڕاکێشی ئاشکرا کرد؛ ملیاردێری ناسراوی بواری دراوە دیجیتاڵییەکان (کریپتۆ)، چەن وانگ (Chun Wang)، وەک سەرکردەی یەکەم گەشتی مرۆیی تایبەت بۆ سەر هسارەی مەریخ دەستنیشان کراوە.
ئەم گەشتە دەبێتە یەکەم گەشتی نێوان هەسارەیی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کە تێیدا مرۆڤ لە زەوییەوە بەرەو قووڵایی بۆشایی ئاسمان بەڕێبکەوێت.
چەن وانگ کێیە؟
پاشخانی دارایی: وانگ گەشەپێدەرێکی نەرمەکاڵایە کە لە زانکۆ کشایەتەوە، بەڵام دواتر بووە هاودامەزرێنەری (F2Pool) کە یەکێکە لە گەورەترین و سەرکەوتووترین کۆمەڵەکانی ماینینگی بیتکۆین لە چین، و لەو ڕێگەیەوە سەروەتێکی خەیاڵی کۆکردەوە.
ئەزموونی بۆشایی ئاسمان: ئەمە یەکەم گەشتی وانگ نابێت؛ لە ئاداری ساڵی ٢٠٢٥دا، ناوبراو خۆی تێچووی گەشتی (Fram2)ـی کۆمپانیای SpaceXی گرتە ئەستۆ و وەک فەرماندەی گەشتەکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە دەوری جەمسەرەکانی زەویدا سووڕایەوە.
زانیارییەکان دەربارەی گەشتە مێژووییەکە بۆ مەریخ
کۆمپانیاکە تا ئێستا کاتێکی دیاریکراوی بۆ دەستپێکردنی گەشتەکە ڕانەگەیاندووە، بەڵام وردەکارییە سەرەتاییەکان بەم شێوەیەن:
جۆری گەشتەکە: گەشتەکە لە جۆری (Flyby) دەبێت؛ واتە کەشتییە ئاسمانییەکە ناچێتە سەر خاکی مەریخ و نانیشێتەوە، بەڵکو بە دەوری هەسارە سوورەکەدا دەسووڕێتەوە و نزیک دەبێتەوە، پاشان بەرەو زەوی دەگەڕێتەوە. لە ڕێگەکەشیدا بە لای مانگدا تێدەپەڕێت.
ماوەی گەشتەکە: چوون و گەڕانەوەی ئەم گەشتە نزیکەی دوو ساڵ دەخایەنێت، لە کاتێکدا کاتی مانەوە و سووڕانەوەکە لە دەوری مەریخ تەنها چەند کاتژمێرێک دەبێت
ئامادەیی وانگ: کاتێک لەبارەی درێژیی و بێزارکەریی گەشتەکەوە پرسیاری لێکرا، وانگ بە پێکەنینەوە وتی:
"من لە ناو فڕۆکە ئاساییەکانیشدا دەتوانم لە کاتی فڕینەوە تا نیشتنەوە تەنها سەیری نەخشەی سەر شاشەکە بکەم و بێزار نەبم، بۆیە پێموایە زۆر چێژ لەم گەشتە درێژەش دەبینم."
ئامانجی گەشتەکە
ئەم هەنگاوەی SpaceX بەشێکە لە ستراتیژییە گەورەکەی ئیلۆن مەسک بۆ نیشتەجێکردنی مرۆڤ لەسەر مەریخ لە داهاتوودا. وانگ لەم بارەیەوە دەڵێت:
"زۆر کەس باسی مەریخ دەکەن و دەیانەوێت شارستانیەتی لێ بنیات بنێن، بەڵام با سەرەتا بە گەشتێکی تێپەڕین (Flyby) دەست پێبکەین. ئەم گەشتە دەبێتە هۆی داگیرساندنی مۆمێک و هاندانی خەڵکی جیهان بۆ گرنگیدانی زیاتر بە دۆزینەوەکانی بۆشایی ئاسمان."