کێرین ٢٠٢٦ کلیلە نوێیەکەی هواوی بۆ سەرکردایەتیکردنی جیهانی تەکنەلۆژیا

ئایار 25, 2026 - 10:39
ئایار 25, 2026 - 10:40
کێرین ٢٠٢٦ کلیلە نوێیەکەی هواوی بۆ سەرکردایەتیکردنی جیهانی تەکنەلۆژیا

هواوی وردەکارییەکانی چیپی کێرین ٢٠٢٦ (Kirin 2026)ی ئاشکرا کرد، کە پێشکەوتنێکی گەورە لە چیپەکەدا نیشان دەدات، و بە تایبەت لە پرۆسەی transistor density (چڕیی ترانزیستۆرەکان).

هێ تینگبۆ، بەڕێوەبەر و سەرۆکی کەرتی نیوەگەیەنەرەکان (Semiconductor)، "یاسای تاو (τ)"ی بۆ چیپ و سیستەمە ئەلیکترۆنییەکان خستە ڕوو، و ڕایگەیاند کە یەکەم چیپی کێرین بەم دیزاینە نوێیە لە کۆتایی ئەمساڵ بڵاودەکرێتەوە، چیپی کێرین ٢٠٢٦ دەستپێکی سەردەمێکی نوێ دەبێت، بە پشتبەستن بە شێوازی نوێی LogicFolding دیزاین کراوە.

بە بەراورد بە شێوازی دیزاینی دوو ڕەهەندی (2D)، دیزاینی LogicFolding چڕیی ترانزیستۆر بە ڕێژەی ٥٣.٥٪ زیاد دەکات، و ٢٣٨ ملیۆن ترانزیستۆر (MTr) بۆ هەر ملم² (ملیمەتری چوارگۆشە) زۆرتر دەکات، ئەمەش واتە دەکرێت ٢٣٨ ملیۆن ترانزیستۆر لە یەک ملیمەتری چوارگۆشەی ڕووبەری چیپەکەدا جێگیر بکرێت، بۆیە لە ڕووی تیۆرییەوە هاوتای تەکنۆلۆژیای پرۆسێسی 18Aی کۆمپانیای ئینتێل و ٣ نانۆمەتریی کۆمپانیای TSMCیە.

ئاشکرا کراوە کە ناوکی کارایی (performance core)ی چیپەکە بە ڕێژەی ٤١٪ باشتر بووە و بەرزترین فریکوێنسی (maximum frequency) بە ڕێژەی ١٢.٧٪ بەرزبووەتەوە، کە ئەمەش دوو ئەوەندەی نەوەی پێشووە.

هواوی ڕایگەیاندووە کە ئەم سەرکەوتنە گەورەیەی چیپەکە بەرهەمی داهێنانی بەردەوامە، کۆمانیایەکە لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا خەریکی تاقیکردنەوەی دیزاینی LogicFolding بووە، هەروەها ٣٨١ چیپی بۆ مۆبایلە زیرەکەکان، ژیریی دەستکرد (AI) و دیزاین بەرهەم هێناوە.

لەگەڵ گەشەپێدانەکانی داهاتوودا، چاوەڕوان دەکرێت چیپەکە بگاتە چڕییەکی یەکجار گەورەی ترانزیستۆر، بە شێوەیەک کە تا ساڵی ٢٠٣١ بگاتە تەکنۆلۆژیای پرۆسێسی ١.٤ نانۆمەتری.

هواوی دەڵێت چیپە نوێیەکە لەگەڵ ئەو مۆبایلە زیرەکانەی لە پاییزی ٢٠٢٦دا بڵاودەکرێنەوە دەکەوێتە بازاڕەوە، کە بەرزبوونەوەیەکی گەورە لە کاراییدا بەخۆوە دەبینێت، گەرچی کۆمپانیاکە ناوی ئامێرەکەی پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام پێدەچێت زنجیرەی Huawei Mate 90 بێت، هواوی لە ماوەی ٤ ساڵی ڕابردوودا نوێترین داهێنانەکانی خۆی لە بواری چیپدا لەگەڵ ئەم زنجیرەیەدا بڵاوکردووەتەوە.

لە کۆتاییدا، کۆمپانیاکە ئەمجارەیان دەتوانێت بە ئاشکرا بە سەرکەوتنێکی ڕاستەقینە لە کاراییدا ناوی ببات، زنجیرەی Huawei Mate 90 لە پاییزی ٢٠٢٦دا لەگەڵ چەندین تایبەتمەندی نوێدا بڵاودەکرێتەوە، بەڵام پێدەچێت چیپە نوێیەکەی کێرین گەورەترین و دیارترین خاڵی سەرنجڕاکێشی بێت.