تایبەتمەندییەکانی کامێرای ARRI لە مۆبایلە پێشەنگە بچووکەکەی هۆنەردا
کۆمپانیای هۆنەر (Honor) جیهانی تەکنەلۆژیا شۆک دەکات! بەپێی نوێترین دەنگۆکان ، ئەم زلهێزە چینییە کار لەسەر مۆدێلێکی قەبارە بچووک (Compact) بۆ زنجیرە مۆبایلە پێشەنگەکانی Magic 9 دەکات.
بەپێی نوێترین زانیارییەکان، مۆبایلە قەبارە بچووکەکەی زنجیرەی Honor Magic 9 خاوەنی کامێرایەکی سینەمایی دەبێت. هۆنەر بە فەرمی لەگەڵ کۆمپانیای ئەڵمانی ARRI ڕێککەوتووە بۆ ئەوەی سیستمی وێنەگرتنی مۆبایلەکانی بە تەواوی نوێ بکاتەوە و کوالێتییەکی بێوێنە پێشکەش بکات.
هۆنەر لە پێشانگای MWC26ی ئەمساڵدا بە ڕاگەیاندنی هاوبەشییەکەی لەگەڵ کۆمپانیای ARRI هەمووانی شۆک کرد. ARRI یەکێکە لە زلهێزە بێڕکابەرەکانی جیهانی فیلمسازی و بەرهەمهێنانی کامێرا و ڕووناکی سینەمایی، ئێستاش هاتووە تا شۆڕشێک لە کامێرای مۆبایلەکانی هۆنەردا بکات.
گرێبەستە ستراتیژییەکەی هۆنەر و ARRI شۆڕشێکە لە وێنەگرتنی مۆبایلدا! ئامانجی ئەم پڕۆژەیە ئەوەیە کە زانستی کامێرا سینەماییە ئاستبەرزەکان ڕاستەوخۆ بخرێتە ناو مۆبایلە زیرەکەکانەوە، تا هەر بەکارهێنەرێکی ئاسایی بتوانێت بە کوالێتیی فیلمی سینەمایی ناوەڕۆک بەرهەم بهێنێت.
بەم هەنگاوە، هۆنەر بۆشایی نێوان فیلمسازیی پرۆفیشناڵ و وێنەگرتنی مۆبایل ناهێڵێت؛ بە جۆرێک کە ستانداردی بەرز و جادوی کامێرا سینەماییەکان ڕاستەوخۆ دەخاتە نێو ژیانی ڕۆژانەی بەکارهێنەرانەوە.
پاش ئەوەی هۆنەر بەکارهێنانی ARRI لە یەکەمین "مۆبایلی ڕۆبۆتی"دا ڕاگەیاند، نوێترین زانیارییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە زنجیرەی Magic 9ـش لەم تەکنەلۆژیا ناوازەیە بێبەش نابێت.
تایبەتمەندییەکانی تری مۆبایلەکە
سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی تری ئەم مۆبایلە قەبارە گونجاوە؛ سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە خاوەنی شاشەیەکی ٦.٤ ئینچی دەبێت بەڵام ناوی "Air" نابێت. هەروەها هۆنەر سەرقاڵی تاقیکردنەوەی چیپی بەهێزی Snapdragon 8 Eliteـە بۆ پێشکەشکردنی بەرزترین ئاستی کارکردن.
زانیارییەکان ئاماژە بەوەش دەکەن کە ئەم مۆبایلە خاوەنی کامێرایەکی ٢٠٠ مێگاپێکسڵی و پاترییەکی زەبەلاحی ٨٠٠٠ ملیئەمپێر دەبێت! سەرەڕای شاشە تەختەکەی، لێوارەکانی زۆر باریک و سوک دەبن، لەگەڵ بەکارهێنانی سیستمی ناسینەوەی دەموچاو.