بەم تایبەتمەندییە شاراوەیەی iOS، کێشەی بڕانی ئینتەرنێت لە ئایفۆنەکەتدا چارەسەر بکە
بۆ ڕێگریکردن لە بڕانی ئینتەرنێت، ئەپڵ لە iOS 27ـدا گۆڕانکاری لە تایبەتمەندیی "Wi-Fi Assist"دا کردووە و ناوی ناوە ."Connectivity Assist" ئەم خزمەتگوزارییە لە کاتی لاوازبوونی هێڵدا، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی و خێرا ئینتەرنێت لە نێوان وایفای و داتای مۆبایلدا دەگۆڕێت. جیاواز لە iOS 26 و وەشانە کۆنەکان کە تێیدا ئەم بەشە لە ناو ڕێکخستنی Cellular دابوو، لە iOS 27ـدا شوێنەکەی گۆڕاوە بۆ ناو بەشی Wi-Fi. ئەم سیستەمە هاوشێوەی تایبەتمەندیی Adaptive Connectivity مۆبایلەکانی پێکسڵ و Smart Switchی سامسۆنگە کە مێژوویەکی درێژتریان لەم بوارەدا هەیە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ماک ڕومەرز (MacRumors) و تاقیکردنەوەی بەکارهێنەران لەسەر تۆرە کۆمەڵایەتییەکان، ئەم تایبەتمەندییە لە iOS 27ـدا زۆر خێراتر و جێگیرتر بووە، بەجۆرێک لە کاتی کارکردنیدا ئاگادارییەکی ژیرانە لەژێر ناوی "Intelligent Connectivity" بە بەکارهێنەران نیشان دەدات. لە ئێستادا وەشانی iOS 27 لە قۆناغی تاقیکردنەوەی گشتیدایە (Public Beta) و بڕیارە لە پاییزی ٢٠٢٦دا بە فەرمی بڵاوببێتەوە. وێڕای چاکسازییەکانی بواری هێڵی ئینتەرنێت، ئەم وەشانە نوێیە چەندین تایبەتمەندی تری گەورە لەخۆدەگرێت، وەک یاریدەدەری Siri و ئامرازەکانی دەستکاری کردنی وێنە کە بە ژیریی دەستکردی ئەپڵ (Apple Intelligence) پاڵپشتیکراون، لەگەڵ بەرزکردنەوەی ئاستی پاراستنی منداڵان.