مایکرۆسۆفت ئینتەرفەیسی فیدیۆی ژیری دەستکرد "Sora" لە "OpenAI" پێشکەش دەکات

مایکرۆسۆفت ڕایگەیاند کە مۆدێلی ژیری دەستکردی "Sora" کە بۆ بەرهەمهێنانی ڤیدیۆ لە دەق بەکاردێت، هەفتەی داهاتوو لە پلاتفۆرمی "Azure AI Foundry"دا بەردەست دەبێت. ئەم پلاتفۆرمە کە بەشێکە لە هەوری "Azure"، زیاتر لە ١,٩٠٠ مۆدێلی زیرەکی دەستکرد بۆ مەبەستی جیاواز پێشکەش دەکات، بەڵام تا ئێستا مۆدێلەکانی بەرهەمهێنانی فیدیۆی تێدا نەبووە.
مایکرۆسۆفت ئەمەی لە کۆنفرانسی ساڵانەی "Build"دا ڕاگەیاند و بەشی "Video Playground"یشی بۆ زیاد کرد، کە گەشەپێدەران دەتوانن لەوێدا مۆدێلەکانی وەک "Sora" تاقی بکەنەوە. گەشەپێدەران دەتوانن ڕێژەی پانی بە بەرزی، کوالیتی و ماوەی فیدیۆکان دیاری بکەن و لە ڕێگەی خزمەتگوزاری "Azure OpenAI"وە دەستیان پێی بگات.
مایکرۆسۆفت پشت بە "OpenAI" دەبەستێت بۆ پێداویستییە پێشکەوتووەکانی ژیری دەستکرد. هەرچەندە "OpenAI" مۆدێلی "Sora"ی گەشەپێداوە، بەڵام تا ئێستا وەک ئینتەرفەیسی گەشەپێدان بەردەست نەکراوە، تەنها بەکارهێنەرانی "ChatGPT Premium" دەتوانن بەکاری بهێنن. بەهۆی پێویستی بە سەرچاوەی زۆری کارتی گرافیک (GPU)، "OpenAI" مۆدێلەکەی بە بەرفراوانی بڵاو نەکردۆتەوە، سەرەڕای ئەوەی لە دیسەمبەری ٢٠٢٤ دەرچووە.