شۆکی نوێی بازار: ئەپڵ ناچارە بەهۆی قەیرانی بیرگەوە نرخی بەرهەمەکانی گران بکات.

حوزەیری 19, 2026 - 09:53
شۆکی نوێی بازار: ئەپڵ ناچارە بەهۆی قەیرانی بیرگەوە نرخی بەرهەمەکانی گران بکات.

تیم کوک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێشووی ئەپڵ، ڕێک دوو هەفتە دوای کۆتا دەرکەوتنی لە کۆنفرانسی WWDC، بە ڕاپۆرتی  (WSJ)ی ڕاگەیاند کە کۆمپانیاکە پلانی هەیە نرخی بەرهەمەکانی گران بکات. کوک هۆکاری ئەم بڕیارەی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی چیپەکانی بیرگە گەڕاندەوە.

کوک ئاماژەی بەوە نەکرد کاتی گرانبوونەکە کەیە و کام بەرهەم دەگرێتەوە. چاوەڕوان دەکرێت ئەپڵ لە مانگی ئەیلوولدا زنجیرە مۆبایلەکانی iPhone 18 ڕابگەیەنێت، هەروەها زۆرێک پێشبینی دەکەن یەکەم مۆبایلی چەماوەیی کۆمپانیاکەش ئاشکرا بکرێت.

کوک بە (WSJ)ی ڕاگەیاندووە: "بەداخەوە، زیادبوونی نرخەکان حەتمییە و ناتوانرێت لێی بەدوور بین. ئێمە هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی ئەو زیادبوونە گەورانەی کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە، هەروەها هەوڵمان داوە کڕیارانمان لەم گرانبوونە بپارێزین، بەڵام دۆخەکە گەیشتووەتە قۆناغێک کە ئیتر بەردەوامبوونی ئەستەمە."

کوک لە مانگی ئایاردا و لە کاتی پەیوەندیی تەلەفۆنیی خستنەڕووی داهاتی چارەکی دووەمی ئەپڵدا وشداریی دابوو کە چاوەڕوان دەکات تێچووی بیرگەکان "کاریگەرییەکی ڕو لە زیادبوون لەسەر کارەکانمان دروست بکات،" بەڵام بەبێ ئەوەی وردەکارییەکان بخاتە ڕوو. لانی کەم شیکەرەوەیەک پێشنیاری ئەوەی کردووە کە قەیرانی چیپی بیرگە دەکرێت ببێتە هۆی گرانبوونی نرخی ئایفۆنەکان، بەڵام ڕەنگە هەموو مۆدێلەکان نەگرێتەوە.

داواکاریی بێسنووری کۆمپانیاکانی ژیریی دەستکرد (AI) تێچووی چیپەکانی بیرگە و کۆگای گەیاندووەتە لوتکە، ئەمەش بووەتە هۆی کەمییەکی توند لە ڕام (RAM)دا؛ دۆخێک کە لە ناو پیشەسازییەکەدا ناوی نراوە "ڕامماگێدۆن" (RAMmageddon).

ئەپڵ تەنها کۆمپانیا نییە کە لەژێر ئەم گوشارەدا بێت و نرخەکانی بەرز بکاتەوە؛ مایکرۆسۆفت لە ساڵی ٢٠٢٥دا نرخی کۆنسڵەکانی Xboxی بەرزکردەوە، سۆنیش لە مانگی نیساندا نرخی کۆنسڵەکانی Playstationی گران کرد.