پۆلێکی زیرەک بەبێ سمارت بۆردی گرانبەها؟ بەڵێ، دەکرێت!

حوزەیری 18, 2026 - 09:43
پۆلێکی زیرەک بەبێ سمارت بۆردی گرانبەها؟ بەڵێ، دەکرێت!

زۆرێک لە مامۆستایانی بەڕێز لە قوتابخانەکاندا بەدەست نەبوونی وە(Smart Board) دەناڵێنن، ئەمەش وا دەکات پێشکەشکردنی وانەیەکی سەرنجڕاکێش و کارلێکەر کەمێک ئەستەم بێت. بەڵام ئیتر پێویست بە خەمخواردن ناکات! دەکرێت بە کەمترین تێچوو و بەو ئامرازانەی کە لەبەردەستاندان، ئەم بەربەستە بشکێنن.

پلاتفۆرمێکی بێبەرامبەرهەیە کە تەنیا لە ڕێگەی کۆمپیوتەر یان مۆبایل و ئامێرێکی داتاشۆ (Projector)، تەواوی پۆلەکە دەگۆڕێت بۆ ژینگەیەکی فێربوونی پێشکەوتوو.

ئەم ماڵپەڕە وەک تەختەیەکی سپیی کارلێکەر و زیرەک (Interactive Whiteboard) کار دەکات، بەبێ ئەوەی پێویستی بە دابەزاندنی هیچ بەرنامەیەک بێت. تەنها وێبگەڕەکەت (Browser)  بکەرەوە و ڕاستەوخۆ دەست بە وانەگوتنەوە بکە.

 چۆن وەک جێگرەوەی سمارت بۆرد سوودی لێ دەبینیت؟

تەنیا بە بەستنەوەی لاپتۆپ یان مۆبایلەکەت بە داتاشۆی ناو پۆلەکەتەوە، دەتوانیت ئەم ماڵپەڕە بخەیتە سەر شاشە و لەبەردەم قوتابییاندا سوود لەم تایبەتمەندییە ناوازانە وەربگریت:

1.    وانەوتنەوەی ڕاستەوخۆ لەسەر پەرتووکی قوتابخانە (PDF): دەتوانیت کتێبی خوێندن بە شێوازی PDF بخەیتە سەر تەختە دیجیتاڵییەکە. بەمەش قوتابییان بابەتەکە بە تەواوی و بە ڕوونی دەبینن، و تۆش دەتوانیت ڕاستەوخۆ هێڵ بەژێر دێڕە گرنگەکاندا بهێنیت، بازنە لەدەوری زانیارییەکان بکێشیت یان تێبینیی نوێ لە تەنیشتیاندا بنووسیت.

2.    پاشبنەمای گونجاو بۆ هەموو پسپۆڕییەکان: دەتوانیت بەپێی بابەتەکەت پاشبنەمای تەختەکە بگۆڕیت:هێڵکاریی سادە: تایبەت بە وانەکانی زمان و ڕێنووس، هێڵکاریی چوارگۆشە: بۆ وانەی بیرکاری و کێشانی هێڵکارییەکان، هێڵکاریی سێڕەهەندی (Isometric) : بۆ وانەکانی ئەندازیاری، کێشان و وێنەکاری.

3.    تەختەیەکی بێسنوور (Infinite Canvas): چیتر کاتت بە سڕینەوەی تەختە بەفیڕۆ ناڕوات! پانتایی ئەم تەختەیە هیچ سنوورێکی نییە؛ دەتوانیت شاشەکە بۆ هەر ئاراستەیەک بتەوێت ڕابکێشیت، فراوانی بکەیت و بەبێ وەستان بەردەوام بیت لە ڕوونکردنەوە و نووسینی وانەکەت.

4.    چالاککردنی پۆل بە یاری: بە بەکارهێنانی کاژێری ژماردنی پێچەوانە (Timer) کاتی تاقیکردنەوە و چالاکییەکان بە وردی ڕێکبخە، و لە ڕێگەی زاری کارلێکەرەوە (Dice) یاریی گرووپی و تیروپشکی سەرنجڕاکێش بۆ قوتابییان بخولقێنە.

5.    ئامرازی کێشان و نووسینی جیاواز: سوود لە قەڵەمی سادە، تەباشیر، مارکەر و شێوە ئەندازیارییە ئامادەکراوەکان وەربگرە بۆ ڕوونکردنەوەی باشتر.

 سەرنجێکی تەکنیکیی گرنگ:

ئەم ماڵپەڕە بۆ ڕکابەریکردنی سمارت بۆردە پێشکەوتوو و گرانبەهاکان دروست نەکراوە، بەڵکو پێشکەشکردنی چارەسەرێکی خێرا و بێبەرامبەرە بۆ ئەو پۆلانەی هیچ ئامرازێکیان تێدا نییە. گەورەترین بەهای ئەم پلاتفۆرمە لەوەدایە کە بە کەمترین ئامراز، باشترین ئەنجام دەدات.

لینک: https://spahboard.ninjascribe.workers.dev/