ماڵاوایی لە دوگمەکان؛ ١٩ ساڵ لەمەوبەر یەکەمین ئایفۆن جیهانی مۆبایلی گۆڕی
لە ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠٠٧دا، یەکەمین ئایفۆن بە فەرمی هاتە ناو بازاڕەکانی ئەمریکاوە؛ بەرهەمێک کە لەو سەردەمەدا تەنها وەک مۆبایلێکی نوێی کۆمپانیای ئەپڵ دەبینرا، بەڵام زۆر خێرا ڕێڕەوی پیشەسازیی مۆبایلی گۆڕی. ئەپڵ ڕایگەیاندبوو کە فرۆشتنی ئایفۆن لە کاتژمێر ٦ی ئێوارە بە کاتی ناوخۆیی لە فرۆشگاکانی ئەپڵ و لقە دەستنیشانکراوەکانی AT&T دەستپێدەکات، ئامێرەکەش لە دوو وەشانی جیاوازدا بەردەست دەبێت: وەشانی ٤ گێگابایتی بە نرخی ٤٩٩ دۆلار و وەشانی ٨ گێگابایتی بە نرخی ٥٩٩ دۆلار.
بێگومان چیڕۆکی ئایفۆن چەند مانگێک پێش ئەوە دەستی پێکردبوو؛ لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٧، کاتێک ستیڤ جۆبس لەسەر شانۆی (Macworld) لە سان فرانسیسکۆ ڕایگەیاند کە ئەپڵ سێ بەرهەمی نوێ دەخاتە ڕوو: ئایپۆدێکی شاشە-فراوان، مۆبایلێک، و ئامرازێکی پەیوەندیی ئینتەرنێتی. دواتر دەرکەوت کە ئەم سێ بەرهەمە لە ڕاستیدا تەنها یەک ئامێرن، ئەویش: ئایفۆن بوو!
ئایفۆن شتێک بوو زۆر زیاتر لە ڕوکارێکی سەرنجڕاکێش. لە کاتێکدا جیهان لە ژێر دەستی تەلەفۆنە دوگمەدارەکان و مۆبایلە قەڵەمدارەکاندا بوو، ئەم ئامێرە شۆڕشێکی لە شێوازی کارکردن بە مۆبایل بەرپا کرد؛ بە جۆرێک بۆ یەکەمجار، دەستلێدانی شاشە، هێڵی ئینتەرنێت، مۆسیقا، وێنە و تەلەفۆن، هەموویان پێکەوە لە یەک مۆبایلدا کۆکرانەوە . هەر لەو سەردەمەشدا، هەندێک لە ڕەخنەگران درکیان بەوە کرد کە ئایفۆن شتێکە زیاتر لە تەلەفۆن؛ ڕۆژنامەی (Wall Street Journal) لە هەڵسەنگاندنی سەرەتایی خۆیدا بۆ ئامێرەکە، سەرەڕای بوونی کەمکوڕییەکان، وەک "کۆمپیوتەرێکی دەستیی جوان و پێشەنگ" وەسفی کرد و نووسی: سۆفتوێر و ڕووکاری لەمسی (Touch) ئەم مۆبایلە، پێوەرێکی نوێ بۆ پیشەسازیی مۆبایلی زیرەک دادەنێت.
نەوەی یەکەمی ئایفۆن بێبەش نەبوو لە کەمکوڕی؛ پشتگیریی تۆڕی 3Gی نەدەکرد، نرخەکەی بەرز بوو، لە سەرەتادا تەنها لە ڕێگەی هێڵێکی گەیاندنی دیاریکراوەوە لە ئەمریکا پێشکەش دەکرا. بەڵام خاڵی وەرچەرخانی چیڕۆکەکە ئەوە بوو کە ڕێگای داهاتووی نیشانی جیهان دا: مۆبایل چیتر تەنها ئامرازێک نەبوو بۆ تەلەفۆن و کورتەنامە؛ بەڵکو بڕیار بوو ببێتە چەقی ژیانی دیجیتاڵیی بەکارهێنەرەکەی.
ساڵێک دواتر، ئەپڵ بە دامەزراندنی کۆگای (App Store) ئەم ڕێگایەی بەرەو لووتکە برد. ئەپستۆر لە ١٠ی تەمموزی ٢٠٠٨ بە ٥٠٠ ئەپڵیکەیشنەوە دەستی بەکارکرد، بەپێی ڕاگەیاندنی ئەپڵیش، بەکارهێنەرانی ئایفۆن و ئایپۆد تەچ تەنها لە یەکەم کۆتایی هەفتەدا، زیاتر لە ١٠ ملیۆن ئەپڵیکەیشنیان دابەزاند.