ئایفۆن ئەیر: شکستی نوێی ئەپڵ
ئایفۆن ئەیر، تازەترین بەرهەمی کۆمپانیای ئەپڵ کە گەورەترین گۆڕانکاری هەیە لە دیزاینی مۆبایلەکانی ئەم کۆمپانیایە لە چەند ساڵی ڕابردوودا، فرۆشتنێکی لە چاوەڕوانکراو خراپتری تۆمارکرد. بەکارهێنەران بەرهەمی تری ئەم کۆمپانیایەیان هەڵبژاردووە کە نرخێکی گونجاوتر و تایبەتمەندی باشتریان هەیە.
ئەپڵ ئەم مۆبایلە باریکەی لە ئەیلوولدا نواند، بەڵام نرخی بەرزەکەی و کەموکووڕیەکانی کە کامێرا و سەماعەکانی گرتەوە بۆ گەیشتن بە ئەستووری ٥.٦٤ ملیمەتر، وایکرد کڕیاران مۆدێلەکانی تری هەڵبژێرن.
لە ڕاپۆرتێکی فایناشیاڵ تایمزدا هاتووە، ئەپڵ پلانەکانی بەرهەمهێنانی ئەم مۆبایلەی لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا دوای دەرکردنی کەمکردووەتەوە بۆ نیوە، دوای ئەوەی تەنها سێیەکی چاوەڕوانییە بەرزەکانی کۆمپانیای بەدیهێنا.
گرفتی سەرەکی لە نرخی ئەم بەرهەمەدا بووە. ئایفۆن ئەیر بە ٩٩٩ دۆلار دەفرۆشرێت، کە تەنها سەد دۆلار هەرزانترە لە ئایفۆن پرۆ، لە کاتێکدا مۆدێلی بنەڕەتی ئایفۆن ١٧ نرخەکەی ٧٩٩ دۆلارە.
بۆ گەیشتن بە ئەم دیزاینە باریکە، ئەپڵ ژمارەی سەماعەکانی کەمکردووەتەوە بۆ یەک لە جیاتی دوو، هەروەها کامێرایەکی دواوەی بەکارهێناوە کە لێنزی پانی و زووم پێشکەش ناکات.
شایانی باسە کە بەرهەمەکانی تری ڕیزی ئایفۆن ١٧ فرۆشتنی باشیان تۆمارکردووە و ئەپڵ چاوەڕوانی وەرزێکی ناوازەی دەکات لە کۆتایی ساڵدا.