ئایپاد مینی بە شاشەی OLED: کاتی بڵاوکردنەوە، نرخ و تایبەتمەندییە چاوەڕوانکراوەکان

ئایار 15, 2026 - 06:09
ئایار 15, 2026 - 06:10
ئایپاد مینی بە شاشەی OLED: کاتی بڵاوکردنەوە، نرخ و تایبەتمەندییە چاوەڕوانکراوەکان
ئایپاد مینی بە شاشەی OLED: کاتی بڵاوکردنەوە، نرخ و تایبەتمەندییە چاوەڕوانکراوەکان

بەپێی دوایین دەنگۆکان، کۆمپانیای ئەپڵ لە بەرهەمهێنانی نەوەی نوێی iPad mini نزیک بووەتەوە، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێک بەسەر وەشانی iPad mini 7، چاوەڕوان دەکرێت گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە نەوەی هەشتەمدا ببینرێت.

ئەپڵ کار لەسەر پڕۆسێسەری A19 Pro دەکات بۆ ئایپاد مینی ٨، ئەم چیپە کە لەسەر تەکنەلۆژیای ٣ نانۆمەتری (N3P) دروست کراوە، خێرایی و توانایەکی زۆرتر دەبەخشێتە ئامێرەکە، هەرچەندە هەندێک سەرچاوە ئاماژە بە ئەگەری بەکارهێنانی چیپی A20 Pro دەکەن، بەڵام پێشبینی دەکرێت ئەپڵ هەمان ئەو چیپەی iPhone 17 Pro بەکاربهێنێت کە خاوەنی گرافیکێکی بەهێز و بزوێنەرێکی دەماری (Neural Engine) ١٦ ناوەکییە بۆ کارەکانی ژیریی دەستکرد.

گرنگترین گۆڕانکاری لە ئایپاد مینی نوێدا، گۆڕینی شاشەکەیە لە LCD بۆ OLED، ئەم تەکنەلۆژیایە ڕەنگەکان وردتر و ڕەنگی ڕەش تۆختر نیشان دەدات، پێشبینی دەکرێت قەبارەی شاشەکە لە ٨.٣ ئینجەوە بۆ ٨.٧ ئینج زیاد بکات و تێکڕای نوێبوونەوەکەشی بگاتە 120Hz (ProMotion)، ئەمەش ئەزموونێکی زۆر نەرمتر لە کاتی بەکارهێناندا دەبەخشێت.

ئەپڵ هەوڵدەدات iPad mini 8  خاوەن دیزاینێکی دژە ئاو بێت. بۆ ئەم مەبەستە، کار لەسەر تەکنەلۆژیایەکی نوێی دەنگ دەکات کە لە ڕێگەی لەرینەوەی پەڕەکان دەنگ بەرهەم دەهێنێت، بەمەش پێویستی بە کونی سپیکەر نامێنێت، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی ئەوەی ئامێرەکە مۆڵەتی فەرمی IP بۆ بەرگری لە تۆز و ئاو وەربگرێت.

سەبارەت بە کاتی خستنەڕووی، زۆربەی سەرچاوەکان وەک (Bloomberg) و (Omdia) کۆکن لەسەر ئەوەی کە iPad mini نوێ لە نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠٢٦ بڵاودەکرێتەوە، بەهۆی بەکارهێنانی شاشەی OLED و تەکنەلۆژیای دژە ئاو، پێشبینی دەکرێت نرخەکەی بە بڕی ١٠٠ دۆلار زیاد بکات و نرخە بنەڕەتییەکەی لە ٥٩٩ دۆلارەوە دەست پێ بکات.