شاشەیەکی نوێی پێشکەوتوو تەمەنی پاتری کاتژمێری ئەپڵ (Apple Watch) درێژتر دەکات
لە داهاتوودا پاتری کاتژمێرەکانی ئەپڵ دەتوانن بۆ ماوەیەکی زۆر زیاتر بەرگە بگرن؛ بێگومان ئەمەش کاتێک ڕوودەدات کە ئەپڵ تەکنەلۆژیای نوێی شاشەکانی کۆمپانیای LG (کە هاوبەشی سەرەکییەتی) بەکاربهێنێت.
کۆمپانیای ئەپڵ بەردەوام لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەردا کاردەکات بۆ باشترکردنی ئەو بەشانەی لە دروستکردنی بەرهەمەکانیدا بەکاردێن. لەبەر ئەوەی شاشەش بەشێکی ئێجگار گرنگە، سەیر نییە کە ئەپڵ بیر لە هەنگاوی داهاتووی خۆی بکاتەوە بۆ گۆڕینی تەکنەلۆژیای شاشەکانی.
سەرچاوەکانی بوارەکە (ڕۆژی سێشەممە ٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦) ڕایانگەیاندووە کە بەشی شاشەی کۆمپانیای ئێڵ جی (LG Display) سەرقاڵی پەرەپێدان و تاقیکردنەوەی تەکنەلۆژیایەکی نوێی شاشەیە بە ناوی (HMO).
ئەم تەکنەلۆژیایە (HMO) وەک جێگرەوە و نەوەی داهاتووی تەکنەلۆژیای (LTPO) سەیر دەکرێت، کە لە ئێستادا ئەپڵ لە شاشەکانی جۆری OLEDـی خۆیدا بە شێوەیەکی بەربڵاو بەکاری دەهێنێت. یەکەم نیشانەی ئەم پلانەی ئەپڵ لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥دا لە ڕێگەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی (TheElec)ـەوە ئاشکرا بوو.
ئێستا ڕاپۆرتەکان دەڵێن کۆمپانیای LG ئامێری تایبەتی بۆ هێڵەکانی بەرهەمهێنانی خۆی دابین کردووە بۆ تاقیکردنەوەی ئەم شاشە نوێیە. پێشبینی دەکرێت لە ساڵی ٢٠٢٧ـەوە دەست بە ناردنی ئەم شاشانە بکات.
سەرەتا ئەم شاشە نوێیە لە کاتژمێرە زیرەکەکاندا بەکاردێت و چاوەڕوان دەکرێت Apple Watch یەکەم ئامێر بێت کە تاقی بکاتەوە. بەپێی شێوازی هەمیشەیی ئەپڵ، سەرەتا تەکنەلۆژیای نوێی شاشە لەسەر کاتژمێر تاقی دەکاتەوە و دواتر دەیهێنێتە سەر مۆبایلەکانی ئایفۆن. بەڵام LG تەنها دابینکەر نابێت؛ لەبەر ئەوەی ئەپڵ حەز ناکات تەنها پشت بە یەک کۆمپانیا ببەستێت، چاوەڕوان دەکرێت سامسۆنگ (Samsung Display) و LG پێکەوە شاشەی ئایفۆنەکان بەم تەکنەلۆژیایە بەرهەم بهێنن.
تەکنەلۆژیای HMO چییە؟
ئەمە تەکنەلۆژیایەکی ژێرخانە کە بەرپرسە لە بەڕێوەبردنی هێڵە کارەباییەکانی ناو شاشەکە. ئەم سیستمە کۆنتڕۆڵی لێشاوی کارەبا دەکات بۆ هەر خاڵێکی بچووکی سەر شاشەکە (پێکسڵەکان).
گرنگیی ئەم تەکنەلۆژیا نوێیە لەوەدایە کە وزەیەکی ئێجگار کەم بەکار دەهێنێت؛ ئامانجەکە ئەوەیە شاشەکە لە تەکنەلۆژیای ئێستای (LTPO) تەمەنی پاتری زیاتر بپارێزێت و بەفیڕۆچوونی وزە کەم بکاتەوە.
پێشتر کێشەی ئەم جۆرە شاشانە ئەوە بوو کە گواستنەوەی کارەبا تێیدا خاو بوو، بەڵام لەم تەکنەلۆژیا نوێیەدا (HMO) ئەو کێشەیە چارەسەر کراوە و کارەبا بە هەمان خێرایی شاشەکانی ئێستا دەگوازێتەوە. بە کورتی، هەم خێراییەکەی وەک شاشەکانی ئێستایە و هەم وزەیەکی زۆر کەمتر سەرف دەکات.
سەرباری ئەمەش، دروستکردنی ئەم شاشانە بۆ کۆمپانیاکە هەرزانتر دەکەوێت، چونکە دەتوانن هەمان ئەو هێڵ و ئامێرانەی ئێستایانی بۆ بەکاربهێنن بەبێ ئەوەی پێویستیان بە ئامێری لێیزەری زۆر ئاڵۆز و گرانبەها بێت. ئەمەش پرۆسەی دروستکردنی شاشەکە زۆر سادەتر دەکات.
سوودی ئەمە بۆ بەکارهێنەر چییە؟ لە کۆتاییدا، بەکارهێنەران شاشەیەکیان دەستدەکەوێت کە وزەیەکی زۆر کەمتر پاشەکەوت دەکات (پاتری مۆبایل و کاتژمێرەکە زۆرتر بەرگە دەگرێت). هەروەها ئەم تەکنەلۆژیایە دەرفەت دەدات لە داهاتوودا شاشەی ڕوونتر و باسیۆتر (خاوەن ڕێزۆلوشنی بەرزتر) بەرهەم بهێنرێت.