ترامپ چاوی بڕیوەتە OpenAI

ئایا حکومەتی ئەمریکا دەبێتە خاوەنی بەشێک لە ChatGPT

حوزەیری 7, 2026 - 01:49
ترامپ چاوی بڕیوەتە OpenAI

واشنتۆن — ئیدارەی دۆناڵد ترامپ خەریکی تاوتوێکردنی هەنگاوێکی بێپێشینەیە بۆ کڕینی پشک و وەبەرهێنان لە کۆمپانیای OpenAI، کە پەرەپێدەری بەناوبانگترین پڕۆگرامی ژیریی دەستکردە (ChatGPT). ئەم هەنگاوە دەکرێت نەخشەی په‌یوەندی نێوان حکومەت و زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیا بە تەواوی بگۆڕێت.

هاوبەشی لەگەڵ گەلی ئەمریکادا؟

سەرۆک دۆناڵد ترامپ لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە گفتوگۆی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکانی ژیریی دەستکرد کردووە دەربارەی بیرۆکەیەک، کە تێیدا پشکی ئەم کۆمپانیایانە بدرێت بە هاووڵاتیانی ئەمریکی، بە جۆرێک کە "گەلی ئەمریکا بە کردەوە ببێتە هاوبەش لە سەرکەوتنی ئەم کۆمپانیایانەدا."

بەپێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی CNBC، ئامانجی ئیدارەی ترامپ ئەوەیە کە ئەم پشکانە بخاتە ناو فەندێکی تایبەتەوە بە ناوی "فەندی سەروەتی گشتی" (Public Wealth Fund)، کە پێشتر لەلایەن OpenAI خۆیەوە پێشنیاز کرابوو. داهاتی ئەم فەندە بە شێوەی ڕاستەوخۆ بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەکرێت بۆ ئەوەی هەمووان سوودمەند بن لە گەشەی ئابووریی ژیریی دەستکرد.

بیرۆکەیەک کە چەپ و ڕاستی کۆکردووەتەوە!

سەیر لەوەدایە ئەم بیرۆکەیە تەنها لای ترامپ و ڕاستڕەوەکان پەسەند نییە؛ سیناتۆری چەپڕەو، بێرنی ساندەرز، لەم هەفتەیەدا پێشنیازی کردووە کە باجێکی یەکجارەکی بە ڕێژەی 50% بە شێوەی "پشک" بەسەر کۆمپانیا گەورەکانی وەک OpenAI و Anthropic و xAI بسەپێنرێت، تاوەکو گەل ببێتە خاوەنی ڕاستەقینەی داهاتی تریلیۆن دۆلاریی ئەم تەکنەلۆژیایە.

لەلایەکی دیکەوە، سام ئاڵتمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری OpenAI، لە سەرەتای ساڵی 2025ـەوە خۆی خەریکی تاوتوێکردنی بیرۆکەی پێدانی پشک بووە بە حکومەت. شارەزایانیش دەڵێن ئەمە یەکەمجار نییە ترامپ حەز بە تێوەگلانی حکومەت لە کۆمپانیا قازانجبخشەکاندا بکات، کاتێک ساڵی ڕابردووش حکومەتی ئەمریکا 10%ی پشکەکانی کۆمپانیای نیمچەگەیەنەری (Intel)ی کڕی.