شاومی تایبەتمەندییەکی نهێنیی سامسۆنگ بۆ مۆبایلی Xiaomi 18 Pro دەگوازێتەوە!
زنجیرەی Xiaomi 18 Pro کێشەی دزەکردنی زانیارییەکانی سەر شاشە چارەسەر دەکات! ڕاپۆرتە نوێیەکان دەڵێن شاومی تەکنەلۆژیایەکی ڕەقەکاڵایی (Hardware) تایبەت لە شاشەی ئەم مۆبایلەدا جێگیر دەکات، کە ناهێڵێت کەسانی دەوروبەرت بتوانن سەیری ناوەڕۆکی مۆبایلەکەت بکەن.
ئەم زانیارییانە لەلایەن دزەپێکەری بەناوبانگ "Digital Chat Station"ـەوە ئاشکرا کراون؛ ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە شاومی خەریکی تاقیکردنەوەی شاشەیەکی نوێی 2Kـەیە کە سیستمی پاراستنی هاوشێوەی فلتەری دژە سیخوڕی، ڕاستەوخۆ لە ناو خودی پانێڵەکەیدا جێگیر کراوە. ئەم تەکنەلۆژیایە زۆر لەو شاشەیە دەچێت کە دەنگۆ هەیە لە مۆدێلی گەلاکسی S26 Ultraدا بەکاربێت و بۆ نەوەی داهاتووی Galaxy S27 Pro ـیش دابین بکرێت.
جگە لەوەش، باس لەوە کراوە کە ئەم سیستمە هەم ڕەقەکاڵا و هەم نەرمەکاڵا (Software) پێکەوە دەبەستێتەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نهێنییەکانی سەر شاشەکە. ئەم تەکنەلۆژیایە بە جۆرێک دیزاین کراوە کە بینینی شاشەکە لە لایەکانەوە (گۆشە جیاوازەکان) سنووردار دەکات، و تەنها پشت بە فلتەری نەرمەکاڵا نابەستێت.
هەرچەندە لە پۆستی یەکەمدا بە ڕوونی ناوی زنجیرەی Xiaomi 18 Pro نەهێنراوە، بەڵام لێدوانەکانی دواتر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "Weibo" ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم تایبەتمەندییە بۆ زنجیرە مۆبایلە پێشەنگەکانی داهاتووی شاومی دابین کراوە، کە چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی ئەیلوولدا ڕابگەیەنرێت.
هاوشانی ئەم شاشە نوێیە، چاوەڕوان دەکرێت مۆبایلەکانی Xiaomi 18 Pro 18 Pro Max و پارێزگاری لە یەکێک لە تایبەتمەندییە جیاوازەکانی پێشووی شاومی بکەن، کە ئەویش شاشەی دووەمی پشتەوەیە. ئەم شاشەیەی پشتەوە کە یەکەمجار لە Xiaomi 17 Pro ـدا بینرا، پێدەچێت گەورە بکرێت بۆ ٤ ئینچ. بەمەش ڕووبەرێکی زۆر باشتر دەبەخشێت بۆ نیشاندانی نوتیفیکەیشنەکان، گرتنی سێڵفیی باشتر و کۆنتڕۆڵکردنی خێرای مۆبایلەکە بەبێ کردنەوەی شاشە سەرەکییەکە.
هێزی ناوەکیی ئەم مۆبایلانە لەلایەن پڕۆسێسەری داهاتووی کوالکۆم Snapdragon 8 Elite Gen 6 Proـەوە دابین دەکرێت، کە هێمایەکە بۆ هێزی بێوێنەی ئەم نەوەیە. بۆ هەوادارانی شاشەی گەورەش، مۆدێلی 18 Pro خاوەنی شاشەیەکی ٦.٣ ئینچی دەبێت و مۆدێلی 18 Pro Maxیش قەبارەکەی دەگاتە ٦.٩ ئینچ.
توانای پاتریش خاڵێکی تری جیاکەرەوەی نێوانیانە؛ دەنگۆکان ئاماژە بەوە دەکەن کە مۆدێلی Pro پاترییەکی زەبەلاحی بە توانای 7,000mAh یان زیاترتێدا بەکاردێت. هاوکات بەشی کامێراش بە هەمان شێوە بێوێنە دەبێت، چونکە باس لەوە دەکرێت هەردوو ئامێرەکە لە بەشی دواوەدا خاوەنی دوو هەستەوەری ٢٠٠ مێگاپێکسڵیی بن.
وەک هەمیشە لەگەڵ دزەپێکردنە سەرەتاییەکاندا، هێشتا هیچ شتێک بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە. بەڵام ئەگەر ئەم زانیارییانە ڕاست دەرچن، دیارە شاومی دەیەوێت لە پێشەنگە نوێیەکەیدا، لە ڕووی پاراستنی زانیارییەکان و تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانەوە، هەنگاوێکی زۆر گەورەتر بنێت.