کۆمپانیای شاومی گسکی کارەبایی نوێی Mijia Wireless Vacuum Cleaner 4 بڵاودەکاتەوە

ئایار 10, 2026 - 21:58
کۆمپانیای شاومی گسکی کارەبایی نوێی Mijia Wireless Vacuum Cleaner 4 بڵاودەکاتەوە

کۆمپانیای شاومی گسکی کارەبایی نوێی Mijia Wireless Vacuum Cleaner 4ی بە نرخی 999 یوان (نزیکەی 146 دۆلار) لە بازاڕەکانی چین خستە ڕوو، ئەم ئامێرە مۆتۆرێکی بێ فڵچەی بەهێزی تێدا جێگیر کراوە کە بە خێرایی 120,000 RPM دەسوڕێتەوە و هێزی هەڵمژینی 25,000Pa تێدا بەکارهاتووە، ئەمەش وای لێدەکات بە ئاسانی هەموو جۆرە پاشماوەیەکی ناوماڵ وەک مووی ئاژەڵ و وردە نان و تۆزی زۆر ورد پاک بکاتەوە.

هەروەها بۆ باشتر بینینی پیسی لە شوێنە تاریکەکاندا، گسکەکە گڵۆپێکی شینی 180 پلەی بۆ زیادکراوە کە تا مەودای 30 سانتیمەتر بەردەمی خۆی ڕووناک دەکاتەوە، هەروەها بەهۆی هەستەوەرێکی ژێر سوورەوە دەتوانێت لە "دۆخی زیرەکدا" بڕی تۆزەکە بناسێتەوە و هێزی مژینەکە بە ئۆتۆماتیکی ڕێکبخات بۆ پاراستنی وزەی پاتریەکەی.


جگە لە هێزەکەی، شاومی گرنگییەکی زۆری بە لایەنی پراکتیکی داوە؛ سیستەمێکی تایبەتی دژە گرێچنی مووی بۆ فڵچەکان داناوە کە ڕێگری دەکات لە گیرانی موو لە کاتی پاککردنەوەدا، ئامێرەکە پاترییەکی 2600mAhی لەسەرە کە لە دۆخی کەموزەدا تا 90 خولەک کار دەکات، بەڵام لە دۆخی بەهێزدا ئەم ماوەیە کەمدەبێتەوە، هەرچەندە بەکارهێنەر دەتوانێت پاترییەکی تر بگۆڕێت بەهۆی دیزاینەکەی، بۆ دڵنیابوون لە پاکی هەواش، گسکەکە فلتەری HEPAی جۆری H13 بەکاردەهێنێت کە 99.99%ی تەنۆلکە وردەکان دەپاڵێوێت.

ئامێرەکە خاوەنی شاشەیەکی LEDیە بۆ چاودێریکردنی ئاستی پاتری و دۆخەکانی کارکردن، و لەگەڵ چەندین فڵچەی جیاواز و بنکەیەکی بارگاویکردنەوەی دیواری دێت کە بەکارهێنانی ئاسانتر دەکات.

تا ئێستا کۆمپانیای شاومی هیچ بەیاننامەیەکی فەرمیی بڵاونەکردۆتەوە سەبارەت بە ڕێکەوتی ناردنی ئەم گسکە (Mijia Wireless Vacuum Cleaner 4) بۆ بازاڕە جیهانییەکان، وەک نەریتی هەمیشەیی شاومی، سەرەتا بەرهەمەکان لە ناوخۆی چین بڵاودەکاتەوە و دوای چەند مانگێک وەشانە جیهانییەکەی ڕادەگەیەنێت.